کلاود دوبیۆسی.. گوڵچنی موزیکە رۆمانتیکەکان

یەکێک بووە لە دیارترین موزیکدانەرەکانی سەدەی نۆزدەیەم و سەرەتای بیستەم، توانیویەتی وەجاخێکی گەورە بۆ موزیکی دوای خۆی دروستبکات و سیستمێکی ناوازەی بۆ هارمۆنیەتی موزیک داناوە، لە ئاستی رەوتەکانی ئیمپرێشیۆنیزم و سیمبولیزمدا، کەسایەتییەکی ئایدیاڵیی بووە و کاریگەریی لەسەر دەیان هونەرمەندی سەردەم و پاش خۆی دروستکردووە، کلاود دوبیۆسی، رێکەوتی 25ی ئازاری 1918، کۆچیدوایی کردووە.

کلاود دوبیۆسی، ساڵی 1862، رێکەوتی 22ی تەمووز لە فەرەنسا لەدایکبووە، لە تەمەنی نۆ ساڵییدا توانا موزیکییەکانی دەردەکەون، ساڵی 1873، لە تەمەنی 11 ساڵییدا دەست بە خوێندنی موزیک دەکات و شارەزاییەکی گەورە لە پیانۆ و رشتە موزیکییەکان پەیدادەکات، ساڵی 1884، لە تەمەنی 18 ساڵییدا خەڵاتی باڵای موزیکی رۆما دەباتەوە و دەبێت بە یەکێک لە دیارترین لاوە موزیکییەکانی سەردەمی خۆی.

بەهۆی ئەم خەڵاتەوە، دوبیۆسی هەلی پێدەبەخشرێت، تاوەکو لە رۆما برەوی زیاتر بە توانا موزیکییەکانی بدات، بەڵام خولیا و ئاواتەکانی گەڕانەوە بوو بۆ ژینگەی ناسراو و ناوەندە سروشتییەکانی سەردەمی منداڵیی و پاش تێپەڕینی دوو ساڵ لە مانەوەی رۆما، دەگەڕێتەوە بۆ پاریس.

لەماوەی ژیانی هونەریی خۆیدا و لەگەڵ بەدەستهێنانی نازناوی گەورە، دوبیۆسی سەرنجی دەیان خانم بەلای خۆیدا رادەکێشێت، هەمووان هەوڵی سەرەکییان داوە لەگەڵیدا بژین، بەڵام خۆشەویستییەکی گەورەی بۆ خانمە هونەرمەندی گۆرانیبێژی پاریسی، بلانشی ڤانسیەر هەبووە، ئەم خانمە، سەرچاوەیەکی گەورە بووە بۆ ئیلهامی کارە سەرەتاییەکانی، بەڵام نەیتوانیوە بگات بەم خۆشەویستییە.

لە ئاستی وەرگرتنی ئیلهام و کاریگەربوون، دوبیۆسی بە چەندین موزیکدانەری دیاری جیهان کاریگەر بووە، لەوانە: ریچارد ڤاگنەر، ئالێکساندر بۆرۆدین و مۆدێست موزۆرسکی.

لە تێکڕای ژیانە هونەرییەکەی خۆیدا، دوبیۆسی توانیویەتی 141 ئاواز دابنێت، لە دیارترین کارەکانیشی بریتین لە:

String Quartet
Pelleas et Melisande
The Nocturnes for Orchestra
La mer

ئەمەش لەکاتێکدایە، لە ئاستی جیهانییدا، دوبیۆسی بە موزیکی "Clair de lune" ناسراوە، کە ساڵی 1890 لە تەمەنی 28 ساڵییدا دایناوە و زۆرینە بەم موزیکە تێکەڵی ژیان و کارەکانی دیکەی دەبن.

هەرچەندە دوبیۆسی 55 ساڵ ژیاوە، بەڵام ژمارەیەک لە هەوادارانی وەکو جوانەمەرگ لێی دەڕووانن و جەخت لەوە دەکەنەوە ئەم موزیکدانەرە توانای دۆزینەوە و دانانی چەندین موزیکی دەگمەنی هەبووە، کلاود دوبیۆسی، ساڵی 1918، رێکەوتی 25ی ئازار، بە شێرپەنجەی قۆڵۆن کۆچیدوایی کردووە و ژیانە هونەرییەکەی ماوەی زیاتر لە 30 ساڵی خایەندووە.