دەیڤد لین.. ئیلهامێک بۆ دەرهێنەرە مەزنەکانی سینەما

یەکێکە لە دیارترین دەرهێنەرەکانی بەریتانیا و مێژووی سینەما، دەیڤد لین، رێکەوتی 25ی ئازاری 1908، لەدایکبووە.

دەیڤد لین، لە قۆناغە سەرەتاییەکانی ژیانیدا، رێگەی پێنەدراوە سەردانی هۆڵەکانی نمایش و سینەماکان بکات، لە قۆناغی لاوێتییدا، رەچاوی پیشەی ژمێریاریی کردووە و ویستوویەتی وەکو باوکی ببێت بە ژمێریار، ساڵی 1927، لە تەمەنی 19 ساڵییدا، لە ستۆدیۆکانی گاومۆنتی بەریتانی کار دەدۆزێتەوە، سەرەتا چەند کارێکی سەرەتایی پێدەبەخشرێت، وەکو پەیامنێر، کلاپەر و هاوکار لە بڕینی فیلمدا کار دەکات، ماوەی هەشت ساڵ بەشێوەیەکی بەردەوام کار لە چوارچێوەی ستۆدیۆکانی بەرهەمهێنانی فیلم دەکات و ناوبانگێکی گەورە بەدەستدەهێنێت و بەمەش دەبێت بە سەرۆکی ئیدیتەری هەواڵە بەریتانییەکانی گاومۆنت، ساڵی 1939، دەست دەکات بە دەستکاریکردنی فیلمە درێژەکان و ناوبانگی لە ئاستی سینەمادا گەورە دەبێت.

لە کۆتایی سییەکانی سەدەی رابردوودا، وەکو ئیدیتەرێک دەیڤد لین دەناسرێت، ساڵی 1942، بۆ یەکەمینجار لە ژیانیدا، لەلایەن دەرهێنەر نوێل کۆواردەوە، هەلی بەشداریکردنی پێدەدرێت بۆ دەرهێنانی فیلم و پێکەوە فیلمێکی جەنگیی دەردەهێنن بە ناونیشانی Which We Serve و لە هەمان ساڵدا بڵاویدەکەنەوە.

پاش سەرکەوتنی ئەم بەرهەمە، لەلایەن هاوکار و جەماوەرەوە هاندەدرێت و کۆمپانیایەکی بواری بەرهەمهێنانی فیلم دەکەنەوە بەناوی "Cineguild"، لە چوارچێوەی ئەم کۆمپانیایەدا، لین سێ فیلم لە شانۆکانی کۆوارد بەرهەمدەهێنێت و دەبێت بە دەرهێنەری سەرەکی.

لە کۆتایی چلەکاندا، چەند فیلمێک بە گێڕانەوەکانی چارلس دیکنس بەرهەمدەهێنێت، وێڕای رەخنەکان بەردەوام دەبێت لە دەرهێنانی فیلم لە چوارچێوەی کۆمپانیای سینەگیڵد و لە سەرەتای پەنجاکاندا دەستبەرداری ئەم کۆمپانیایە دەبێت.

پاش جێهێشتنی سینەگیڵد، لین سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت و بە بەرهەمهێنانی چەند فیلمێک لە ئاستی بۆکس ئۆفیسی بەریتانیا دەبێت بە ناوێکی گەورە، بەردەوام دەبێت لە سوودوەرگرتن لە شانۆنامەکان و ساڵی 1954 لە چوارچێوەی سەرکەوتنەکانیدا، ورچی زێڕینی فێستیڤاڵی فیلمی بەرلین دەباتەوە و ناوی وەکو دەرهێنەرێکی دیار و گەورە دەچەسپێت.

لە ئاستی بەرهەمهێنانی فیلمدا، دەیڤد لین، بە بڕیاری سەربەخۆ و بێلایەنانە ناسراوە، هەمیشە هەوڵیداوە لە وێناکردنەوەی دیمەنەکاندا پشتی تەواوەتیی بە تواناکانی خۆی ببەستێت و ویست و ئامانجی بۆ بەرهەمهێنانی باڵا بووە، ئەمەش یەکێک بووە لەو هۆکارانەی لەگەڵ دەستەی رۆڵگێڕ و هاوکارەکانی داببڕێت، هاوکارەکانی بەردەوام جەختیان لەوە کردووەتەوە، لین خەمساردانە مامەڵەی کردووە، هەمیشە ویستوویەتی لە کەشی بەرهەمهێنانی فیلمدا گرژیی بوونی هەبێت، بە گوتەی خانمە ئەکتەر، سارا مایڵس، لین ئارەزووی شکاندنی ئەکتەرەکانی کردووە، تاوەکو ئەو خاڵەی چێژی تەواوەتیی لە بڕینی سنوورەکانی خۆڕاگرییان ببینێت.

لەماوەی ژیانیدا، خاوەنی دەیان فیلمی گەورە و کاریگەر بووە، چەندین دەرهێنەری پاش خۆی جەختیان لەوە کردووەتەوە، لین کاریگەریی لەسەر شێوازی دەرهێنان و تەکنینی بەرهەمەکانیان هەبووە، لەوانە، مارتن سکۆرسێزی، ستیڤن سپیڵبێرگ، ستانلی کوبریک و سپایک لی، کە پێکڕا ستایشی دەیڤد لین دەکەن و بە یەکێک لە باشترین دەرهێنەرەکانی مێژووی سینەما ناوی دەبەن، لە دیارترین فیلمەکانی دەیڤد لین، بریتین لە:

Lawrance of Arabia
Doctor Zhivago
The Bridge on the River Kwai
Great Expectations

لین، توانیویەتی لە تێکڕای ژیانە هونەرییەکەیدا، دەرهێنان بۆ 19 فیلم ئەنجامبدات و ئیدیتەری 29 فیلمیش بووە، خاوەنی دوو خەڵاتی ئۆسکارە بۆ فیلمەکانی لۆرەنسی عەرەبستان و پردێک لەسەر رووباری کوای.

دەیڤد لین، 83 ساڵ ژیاوە، رێکەوتی 16ی نیسانی 1991، کۆچیدوایی کردووە.