کەشناسێک: شەپۆلێکی دیکەی بارانبارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە

بارانبارین لە سلێمانی. فۆتۆ: حەمە سوور-کەناڵ8

بەپێی پێشبینییەکان شەپۆلێکی دیکەی بارانبارین ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و لە ناوچەشاخاوییە سنورییەکانیش بەفردەبارێت.

شاڵاو هیدایەت شارەزای کەشناسی بە کەناڵ8ی راگەیاند، بەهۆی هاتنی کۆمەڵێک هەور بەپلەی سەرەکی لە دەریای ناوەڕاست و دواتر هەندێ هەوری دیکە لە دەریای ڕەشەوە، پێشبینیی دەکەن لە رۆژی سێشەممەوە حاڵەتێکی تری دابارین روو لە ناوچە جیاوازەکان بکات و سەرەتاش لەناوچەکانی باکوری هەرێمی کوردستان بە تایبەت لە سنوری بادینان دەستپێدەکات و دواتر ناوچەکانی باکوری خۆرهەڵاتی هەرێمی کوردستان دەکات.

گوتیشی، شەپۆلەکە لەکاتەکانی بەیانی رۆژی سێشەممە دەستپێدەکات و لە پاشنیوەڕۆ تاوەکو درەنگانی شەو کاریگەرییەکەی فراوان دەبێت  و زۆربەی ناوچەکان دەگرێتەوە، سەرەتا لە بادینانەوە دەستپێدەکات و دواتر سنوری هەولێر، ئیدارەی راپەرین، کۆیە، پارێزگای سلێمانی، کەرکوک، باکوری گەرمیان و سنوری هەڵەبجە دەگرێتەوە.

بەگوێرەی پێشبینی ئەو کەشناسە، لەمەودای شەپۆلەکەدا ئەگەری بارانبارینی مامناوەند و باش هەیە و ئەگەری بەفربارینیش لە ناوچە شاخاوییە بەرزو سنورییەکانی دهۆک، هەولێر، راپەرین و پارێزگای سلێمانی هەیە لەگەڵ ئەگەر هەورەبروسکە و رۆژی چوارشەممە کۆتایی بە شەپۆلەکە دێت.