عەممار حەکیم بۆ محەمەد بن سەلمان: سەقامگیریى عێراق کاریگەریى ئەرێنى لەسەر ئاسایشى ناوچەکە هەبووە

کۆبوونەوەى عەممار حەکیم و محەمەد بن سەلمان

عەممار حەکیم، سەرۆکى رەوتى حیکمەى نیشتمانى لەگەڵ محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە کۆبووەوە و رایگەیاندووە، سەقامگیری عێراق کاریگەریی ئەرێنی لەسەر ئاسایش و ئارامى ناوچەکە هەبووە.

عەممار حەکیم لە پێگەى تایبەتى خۆى لە لە تۆڕى کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە، سەردانى شانشینى سعودیەى کردووە و لەگەڵ محەمەد بن سەلمان کۆبووتەوە و گفتوگۆیان لەبارەى پێشهاتەکانى گۆڕەپانى سیاسى عێراق و پتەوکردنى پەیوەندییەکانى هەردوو وڵات کردووە و جەختیان لە پارستنى سیاسى و ئابوورى عێراق کردووەتەوە.

سەرۆکى رەوتى حیکمەى نیشتمانى لە دیدارەکەیدا لەگەڵ شازادەى جێنشینى سعودیە، باسى لەوە کردووە کە سەقامگیرى عێراق کاریگەرى ئەرێنى لەسەر ئاسایش و ئارامى ناوچەکە هەبووە و داوایکردووە، شانشینى سعودیە رۆڵى هەبێت لە ئاوەدانکردنەوەى عێراق.

عەممار حەکیم دەشڵێت، جەختمان لە گرنگى پاراستنى دیالۆگ لە نێوان لایەنەکانى ناوچەکە و خواستى عێراق بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکەکانى هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەى داعش کردوە.