قوباد تاڵەبانى: لەگەڵ مووچەخۆرانی بەغداد پارە بۆ مووچەخۆرانی هەرێمى کوردستانیش دێت

قوباد تاڵەبانى، جێگرى سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان. فۆتۆ: کەناڵ8

قوباد تاڵەبانى، جێگرى سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان دەڵێت، لەگەڵ مووچەخۆرانی بەغداد پارە بۆ مووچەخۆرانی هەرێمى کوردستانیش دێت.

قوباد تاڵەبانى لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵ8 گوتى، "هیچ رێککەوتنێک و گفتوگۆیەک بۆ دواخستنی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نەکراوە، یاسا هەیە و دەبێت هەڵبژاردن بکرێت".

ئاماژەى بەوەشکرد، "زیاتر لە 10 ساڵە کێشەی مووچە هەیە و ئێستە دەرفەتێک هەیە بۆ ئەوەی بەیەکجاری چارەسەر بکرێت".

جێگرى سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان باسى لەوەشکرد، "لەگەڵ مووچەخۆرانی بەغداد پارە بۆ مووچەخۆرانی هەرێمى کوردستانیش دێت".

پاش راگرتنى هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان، بەهۆى سکاڵایەکى عێراقەوە کە لەسەر تورکیا تۆماریکردبوو، کێشە بۆ مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان دروستبوو، بەهۆى ئەوەشەوە مووچەى سێ مانگى کۆتایى ساڵى 2023، دابەشنەکرا.

ئێستا بەهۆى بڕیارەکانى دادگاى فیدراڵى عێراق لە بەرژەوەندى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان، کێشەکە چارەسەرکراوە و لەماوەى رابردوودا مووچەى مانگەکانى دوو و سێ لەماوەیەکى کەمدا دابەشکران، بەگوێرەى گوتەى بەرپرسانى هەرێمى کوردستانیش بۆ مانگەکانى داهاتوو هیچ کێشەیەک بۆ مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان دروستنابێت..