قوباد تاڵەبانى لەگەڵ بەرپرسانى کفرى کۆبووەوە

قوباد تاڵەبانی - فۆتۆ: کەناڵ8

قوباد تاڵەبانى، جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، سەردانى شارۆچکەى کفرى کرد و دواى کۆبوونەوەى لەگەڵ بەرپرسانى ئیداریى شارۆچکەکە، بەنداوى باوەشاسوارى بەسەرکردەوە و داواى لە دەستەى گەشتوگوزار و ئیدارەى گەرمیان کرد، بە زووترین کات پرۆژەى گەشتیاریى بەنداوى باوەشاسوار بخەنە بوارى جێبەجێکردنەوە.

قوباد تاڵەبانى، لە میانى سەردانەکەیدا بۆ ئیدارەى گەرمیان، شارۆچکەى کفرى بەسەرکردەوە و لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ قایمقام و بەرپرسانى ئیداریى، کێشە و گرفتە کارگێڕى و خزمەتگوزارییەکانى شارۆچکەکە گفتوگۆیان لەبارەوە کرا و بڕیاردرا چەند پرۆژەیەک لە سنوورەکەدا جێبەجێبکرێن.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانى، داواى لە بەرپرسانى شارۆچکەکە کرد، هەموو جۆرە کارئاسانییەک بۆ باشترکردنى خزمەتگوزارییەکان و جێبەجێکردنى داواکاریى هاونیشتمانییان بکەن.

دواتریش بە یاوەریى سەرۆکى دەستەى گەشتوگوزارى هەرێمى کوردستان، سەردانى بەنداوى باوەشاسوارى کرد و تاوتوێى رێکارەکان و چۆنیەتى دروستکردنى ناوچەیەکى گەشتیاریى لەسەر بەنداوەکە کرا.

جێگرى سەرۆکى حکومەت داوایکرد، دەستەى گەشتوگوزار بە هاوکاریى ئیدارەى گەرمیان لە نزیکترین ماوەدا، پرۆژەى گەشتیاریی بەنداوى باوەشاسوار بخەنە بوارى جێبەجێکردنەوە.

گوتیشى، رێکارە یاسایی و کارگێڕییەکانى پرۆژەکە بە زووترین کات تەواو دەبن کە چەندین هەلیکار دەرەخسێنێت و دەبێتە هۆکارێک بۆ پەرەپێدانى ژێرخانى ئابوورى ناوچەکە.