کۆمیساریای پەنابەران: ئاوارەکانی سودان گەورەترین قەیرانیان دروستکردووە

ژمارەیەک ئاوارەى سودان کە بەهۆى شەڕەوە هەڵاتوون. فۆتۆ: AP

کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی سەربە نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، بەهۆی بەردەوامبوونی شەڕی ناوخۆی سودان، ئاوارەبوونی سەدان هەزار لەو وڵاتەوە، بووەتە گەورەترین قەیرانی مرۆیی بۆ وڵاتانی دراوسێ لەسەر ئاستی جیهان.

لە نوێترین راپۆرتی خۆیدا کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی سەربە نەتەوەیەکگرتووەکان، کە لەم مانگەدا دەرچووە، ئاماژە بەوە دەکات، ژمارەی ئەو سودانییانەی بەهۆی جەنگەوە ناچاربوون ماڵوحاڵی خۆیان بەجێبهێڵن، گەیشتووەتە زیاتر لە هەشت ملیۆن و500  هەزار کەس، لەو ژمارەیەش نزیکەی دوو ملیۆن کەسیان ئاوارەی دەرەوەی سنووری سودان بوون.

لەلایەکی دیکەوە رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی رایدەگەیەنێت، بەهۆی شەڕی ناوخۆی سودانەوە، نزیکەی10  ملیۆن و 700 هەزار کەس لە ناوخۆیی ئەو وڵاتە ئاوارەی ناوچە جیاجیاکانی دیکەی وڵاتەکە بوون.

هاوکات گراهام عەبدولقادر، گوتەبێژی حکومەتی سودان ئاشکرایکردووە، ژمارەی ئاوارە ناوخۆییەکان گەیشتووەتە10  ملیۆن کەس، لەو ژمارەیەش چوار ملیۆنیان ژنن و سێ ملیۆنیشیان منداڵن.

بەگوێرەی لێدوانی گوتەبێژی حکومەتی سودان، لە 90%ی ئاوارەکان دانیشتووی ویلایەتی خەرتووم و ویلایەتەکانی دیکەی هەرێمی دارفورن.

لە رۆژی 15ی نیسانی ساڵی2023 وە، شەڕی ناوخۆی سودان لەنێوان هێزەکانی حکومەت و هێزەکانی پێشتوانیی خێرای ئەو وڵاتە بەرپا بووە، کە تاوەکو ئێستا دەیان هەزار کەسیان لە یەکدیی کوشتووە و زیانێکی زۆریان بە ژێرخانی ئابووری وڵاتەکەیان گەیاندووە.