ئێران دەنگۆی وەڵامدانەوەی سەربازی دژی گەمارۆ ئاسمانییەکان ڕەتدەکاتەوە

سامیا حەسەن 41 خولەک پێش ئێستا
ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران
ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران

پووختەی هەواڵەکە:

  • ئاسایشی نەتەوەیی ئێران دەنگۆی گرتنەبەری ڕێگەی سەربازی لە دۆسیەی فڕۆکەوانیدا ڕەتکردەوە.
  • لێدوانەکانی موحسین ڕەزایی دەربارەی پەکخستنی گەشتە ئاسمانییەکان بە "لێکدانەوەی هەڵە" ناوبرا.
  • تاران لە ڕێگەی دیپلۆماسی و دانوستانەوە کار بۆ هەڵگرتنی گەمارۆ ئاسمانییەکان دەکات.
  • گەنجینەی ئەمریکا 36 لایەنی پەیوەندیدار بە کەرتی فڕۆکەوانیی ئێرانی خستووەتە لیستی سزاکانەوە.

ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران هەوڵی کەمکردنەوەی گرژییەکان دەدات و هەر هەڕەشەیەکی سەربازی بۆ سەر هێڵە ئاسمانییەکانی ناوچەکە ڕەتدەکاتەوە، دوای ئەوەی لێدوانەکانی بەرپرسێکی باڵای وڵاتەکە لەبارەی پەکخستنی ئاسمانی وڵاتانی دراوسێ کاردانەوەی ناوچەیی و نێودەوڵەتیی لێکەوتەوە.


ڕوونکردنەوەی سکرتارییەتی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران:

  • سکرتارییەتی ئەنجوومەنەکە لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا ئاماژەی بەوە کرد:
  • ئەو هەواڵانەی باس لە هەڵوێست و وەڵامدانەوەی سەربازی دەکەن دژی داخستنی هێڵە ئاسمانییەکان، دوورن لە ڕاستییەوە.
  • لێکدانەوەی نادروست بۆ وتەکانی موحسین ڕەزایی، ئەمینداری ئەنجوومەنەکە کراوە.
  • دانوستان و گفتوگۆ لەگەڵ چەندین وڵاتی پەیوەندیدار بۆ هەڵگرتنی گەمارۆ ئاسمانییەکان بەردەوامە.
  • چەندین بژاردەی مەدەنی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو فڕۆکەخانانە لەبەردەستدان کە گەشتەکانیان ڕاگرتووە، بەڵام هیوادارن دۆخەکە نەگاتە ئەو قۆناغە.

هەڵوێستی موحسین ڕەزایی و هۆشدارییەکان بۆ ناوچەکە:

پێشتر موحسین ڕەزایی ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران هۆشداری دابووە وڵاتانی دراوسێ و ڕایگەیاندبوو، ئەگەر گەشتە ئاسمانییەکانی ئێران ڕابگیرێن، ئەوا ڕێگە نادەن هیچ فڕۆکەیەکی ناوچەکەش گەشت بکات؛ ناوبراو جەختی کردبووەوە ئەگەر ئەو وڵاتانە پابەندی بڕیارەکانی واشنتن بن بۆ سەپاندنی قەدەغەی هاتووچۆ بەسەر کەرتی فڕۆکەوانیی تاراندا، ئەوا ئێران ڕێگری لە فڕۆکەخانەکانیان دەکات گەشتی نێودەوڵەتی ئەنجام بدەن.

پێشینەی سزاکان و ڕاگرتنی گەشتەکان:

ئەم گرژییە لە کاتێکدایە کە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە 8ـی ئەم مانگەدا سزاکانی بۆ سەر تاران توندتر کرد و 36 لایەنی پەیوەندیدار بە کەرتی فڕۆکەوانیی ئێرانی خستە لیستی ڕەشەوە، کە 27ـیان کۆمپانیای فڕۆکەوانی بوون؛ واشنتن هەڕەشەی سەپاندنی سزای بەسەر هەر وڵاتێکدا کرد کە پێشوازی لە فڕۆکەکانی تاران بکات، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی ژمارەیەک لە وڵاتانی جیهان گەشتە ئاسمانییەکانیان بۆ فڕۆکەخانەکانی ئێران هەڵپەسێرن.

زانیاریی زیاتر بۆ تۆ:

ئەمریکا بۆ دابڕینی ئابووریی ئێران تیم دەنێرێتە سەرانسەری جیهان

ڕاوێژکاری ڕێبەری ئێران: گەشتی ئاسمانی لە ناوچەکە یان بۆ هەموان دەبێت با هیچ لایەک نابێت

ڕاوێژکارێکی باڵای ڕێبەری ئێران هێرشی توند دەکاتە سەر زەیدی

وەزیری گەنجینەی ئەمریکا: لە 23ـی ئەیلوولەوە هێڵە ئاسمانییەکانی تاران لە سەرانسەری جیهاندا دادەخرێن

چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر گەشتەکانی ئێران ڕەخنە لە زەیدی دەگرێت

ڕاگرتنى گەشتە ئاسمانییەکان لەگەڵ ئێران عەلى زەیدى خستووەتە ژێر فشارەوە

فڕۆکەوانیی عێراق سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی عێراق وهەرێمی کوردستانی لەگەڵ ئێران ڕاگرت

سامیا حەسەن

41 خولەک پێش ئێستا