چوارچێوەى هەماهەنگى تاوتوێى ڕاگرتنى گەشتە ئاسمانییەکان لەگەڵ ئێران دەکات

رێبوار حەمەوەیس 55 خولەک پێش ئێستا
کۆبوونەوەیەکی چوارچێوەی هەماهەنگی
کۆبوونەوەیەکی چوارچێوەی هەماهەنگی

پووختەی هەواڵەکە:

  • چوارچێوەى هەماهەنگى بە ئامادەبوونى عەلى زەیدى کۆدەبێتەوە
  • سەرکردەکانى شیعە دژى ڕاگرتنى گەشتەکانن لەگەڵ ئێران
  • سەرچاوەکان: واشنتن لەبارەى بەردەوامى گەشتەکان هۆشداریی بە بەغداد داوە
  • هاوپەیمانیی خەدەمات: فڕۆکەخانەى نەجەف لە ڕێکارەکان بەدەربکرێت

هاوکات لەگەڵ ئامادەکارییەکان بۆ ڕۆژى سەروەریی عێراق و کۆتاییهاتنى ئەرکى سەربازى هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی لە عێراق، بڕیارى دەستەى فڕۆکەوانى عێراق بۆ ڕاگرتنى گەشتى فڕۆکە ئێرانییەکان بۆ عێراق، عەلى زەیدى، سەرۆکوەزیران، دەخاتە دۆخێکى دژوارەوە.


هەڵوێستی سەرکردەکانی شیعە و گرووپەکانی مقاوەمە لە بەرامبەر بڕیارەکەی ئەمریکا دژی ئێران

  •  دوێنێ ژمارەیەک لە سەرکردەکانى شیعە بە ئاشکرا ڕەخنەیان لە عەلى زەیدى گرت و تۆمەتباریان کرد بەوەى کەوتووەتە ژێر هەژموونى ئەمریکا.
  • بۆ گرتنەبەرى هەڵوێستێکى هاوبەش، ئەم ئێوارەیە چوارچێوەى هەماهەنگى لەسەر داواى هومام حەموودى، سەرۆکى ئەنجوومەنى باڵاى ئیسلامى، و بە ئامادەبوونى عەلى زەیدى، سەرۆکوەزیران کۆببێتەوە.
  • بڕیارە لە کۆبوونەکەدا تاوتوێی بڕیارەکەى دەستەى فڕۆکەوانى عێراق بۆ ڕاگرتنى گەشتى فڕۆکە ئێرانییەکان بۆ سەرجەم فڕۆکەخانەکانى عێراق بکەن و لێکەوتە سیاسى و جەماوەرییەکانى لە ناوخۆدا هەڵبسەنگێنن.
  • بڕیاریشە لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لەبارەى پاساوەکانى بڕیارەکەى حکومەت و ڕەنگدانەوەکانى لەسەر پەیوەندییەکانى بەغداد و تاران بکرێت.
  • بەغداد هۆشدارییەکى ڕاستەوخۆ و جددى لەلایەن واشنتنەوە پێگەیشتووە، لەبارەى بەردەوامى پێشوازیکردنى فڕۆکەخانەکانى عێراق لە گەشتى کۆمپانیاکانى فڕۆکەوانى ئێران.
  • دوێنێ ژمارەیەک لە سەرکردەکانى شیعە بە ئاشکرا ڕەخنەیان لە عەلى زەیدى گرت و تۆمەتباریان کرد بەوەى کەوتووەتە ژێر هەژموونى ئەمریکا.
  • بڕیاریشە لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لەبارەى پاساوەکانى بڕیارەکەى حکومەت و ڕەنگدانەوەکانى لەسەر پەیوەندییەکانى بەغداد و تاران بکرێت.
  • هۆشدارییەکەى ئەمریکا، حکومەتى عێراقى ناچارکردووە، بژاردەى پاراستنى فڕۆکەخانەکان و کەرتى ئاسمانى لە سزاکانى ئەمریکا هەڵبژێرێت

بە تووندی وەستانەوە دژی بڕیارەکەی حکومەت و هەڕەشەی خۆپیشاندان

زۆرێک لە سەرکردەکانى چوارچێوەى هەماهەنگى و گرووپەکانى مقاوەمە، بەتوندى دژى بڕیارەکە وەستاونەتەوە و هەڕەشەى خۆپیشاندان و مانگرتن لە فڕۆکەخانەکان دەکەن، تاوەکو حکومەت ناچار بکەن پابەندى سزاکانى وەزارەتى گەنجینەى ئەمریکا بۆ سەر کەرتى فڕۆکەوانى ئێران نەبێت.

بۆ گفتوگۆ لەبارەى لێکەوتەکانى بڕیارەکە و گرتنەبەرى هەڵوێستێکى هاوبەش، ئەم ئێوارەیە چوارچێوەى هەماهەنگى لەسەر داواى هومام حەموودى، سەرۆکى ئەنجوومەنى باڵاى ئیسلامى، و بە ئامادەبوونى عەلى زەیدى، سەرۆکوەزیران کۆببێتەوە.

بڕیارە لە کۆبوونەوەکەدا سەرکردەکانى چوارچێوەى هەماهەنگى، تاوتوێی بڕیارەکەى دەستەى فڕۆکەوانى عێراق بۆ ڕاگرتنى گەشتى فڕۆکە ئێرانییەکان بۆ سەرجەم فڕۆکەخانەکانى عێراق بکەن و لێکەوتە سیاسى و جەماوەرییەکانى لە ناوخۆدا هەڵبسەنگێنن.

تاوتوێکردنی هەڵوێستی ژمارەیەک لە هێزە سیاسی و جەماوەری و چەکدارییەکان

هەروەها سەرکردەکانى چوارچێوەى هەماهەنگى تاوتوێى هەڵوێستى ژمارەیەک لە هێزە سیاسى و جەماوەرى و چەکدارییەکان دژ بە بڕیارەکە و ئەگەرەکانى پەرەسەندنە سیاسییەکان و ناڕەزاییە جەماوەرییەکان، لە حاڵەتى بەردەوامى ڕاگرتنى گەشتەکان دەکات، وەک هەوڵێک بۆ گەیشتنە هەڵوێستێکى هاوبەش لەبارەى چۆنییەتى مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسییەکە لە قۆناغى داهاتوودا.

هاوکات، سەرچاوەیەکى حکومى ئاشکرایکردووە، بەغداد هۆشدارییەکى ڕاستەوخۆ و جددى لەلایەن واشنتنەوە پێگەیشتووە، لەبارەى بەردەوامى پێشوازیکردنى فڕۆکەخانەکانى عێراق لە گەشتى کۆمپانیاکانى فڕۆکەوانى ئێران.

لایەنى ئەمریکى بۆ عێراقى ڕوونکردووەتەوە، ڕێکارەکانى سزادان تەنیا کۆمپانیاکانى فڕۆکەوانى ئێران کە سزاکان دەیانگرێتەوە سنووردار نابێت، بەڵکو هەر لایەن و فڕۆکەخانەیەک خزمەتگوزاریی و کارئاسانى بۆ گەشتى کۆمپانیاکانى فڕۆکەوانى ئێران بکات ڕووبەڕووى سزا دەبێتەوە.

بەگوتەى سەرچاوە عێراقییەکان، هۆشدارییەکەى ئەمریکا، حکومەتى عێراقى ناچارکردووە، بژاردەى پاراستنى فڕۆکەخانەکان و کەرتى ئاسمانى لە سزاکانى ئەمریکا هەڵبژێرێت و ڕێکارى پێویست بگرێتەبەر بۆ ڕاگرتنى گەشتى کۆمپانیاکانى فڕۆکەوانى ئێران لە فڕۆکەخانەکانى.

هەوڵێکی زەیدی بۆ بەدەرکردنی هەندێک لە فڕۆکەخانەکانی عێراق لە بڕیارەکە

عەلى زەیدى سەرۆکوەزیران، بۆ دەربازکردنى حکومەتەکەى لەم تەنگژەیە، دەیەوێت پەنا بۆ بژاردەیەکى مامناوەند ببات، بەگوێرەى ڕاگەیێنراوێکى نووسینگەکەى، لەگەڵ وەزارەتى گەنجینەى ئەمریکا گفتوگۆى ڕاستەوخۆ دەکەن، تاوەکو هەندێک لە فڕۆکەخانەکانى عێراق لە سزاکان بەدەربکرێن، بەو پێیەى عێراق و ئێران پەیوەندییەکى کۆمەڵایەتیی و کولتوورى و ئایینى فراوان پێکەوەیان دەبەستێتەوە و ساڵانە ملیۆنان کەس لە ئێرانەوە بۆ سەردانى شوێنە پیرۆزەکان دێنە عێراق.

تێڕواینی ئێران بۆ هەڵوێستی حکومەتی عێراق

لایەنى ئێرانى پێى وایە عەلى زەیدى و چوارچێوەى هەماهەنگى، چووەنەتە ژێربارى فشارەکانى ئەمریکا، لەکاتێکدا چاوەڕێى ئەوەبوون، عێراق هەڵوێستێکى جیاوازترى هەبووایە، بەڵام ترسى سزاى ئابوورى بەتایبەت ڕاگرتنى گوژمەى دۆلار بۆ عێراق، زەیدى ناچاربووە پابەندى ڕێکارەکانى وەزارەتى گەنجینەى ئەمریکا ببێت.

بەگوتەى بەرپرسانى عێراق، دۆخى ئابووریی عێراق، بە دۆخێکى سەخت و نالەباردا گوزەردەکات، هەر سزایەکى ئەمریکا لەوانەیە ئابووریی وڵاتەکە ئیفلیج بکات و کارەساتى لێبکەوێتەوە.


ڕاگەیێنراوی هاوپەیمانیی خەدەمات لەسەر کاریگەریی بڕیارەکەی ئەمریکا


لەوبارەیەوە هاوپەیمانیی خەدەمات کە شبل زەیدى، سەرۆکایەتیی دەکات، لە ڕاگەیێنراوێکدا داواى لە حکومەتى عێراق کردووە، هەموو هەوڵێک بخاتەگەڕ بۆ بەدەرکردنى ئاسمانى عێراق لە گەمارۆى ئاسمانى سەپێنراو بەسەر ئێراندا. بەو پێیەى جێبەجێکردنى گەمارۆکە، کاریگەریی لەسەر گەلى هەردوو وڵات دەبێت لە ڕووى مرۆیی و ڕۆشنبیرى و ئایینى.

ڕوونیشیکردووەتەوە، عێراق هەزاران خوێندکارى لە زانکۆکانى ئێران هەیە، سەدان هەزار کەسیش سەردانى مەزارگە پیرۆزەکانى ئێران دەکەن، لەبەرامبەریشدا ملیۆنان ئێرانى سەردانى مەزارگە پیرۆزەکانى عێراق دەکەن، ڕاگرتنى گەشتەکان، زیانى ئابووریی گەورە بە عێراق دەگەیەنن.

هاوپەیمانیی خەدەمات، پێشنیازى کردووە، فڕۆکەخانەى نەجەف لە هەر ڕێکارێک بەدەر بکرێت، تاوەکو ئەو کاتەى دانوستانەکانى حکومەت لەگەڵ لایەنى ئەمریکى تەواو دەبن.

زانیاری زیاتر بۆ تۆ

ڕاگرتنى گەشتە ئاسمانییەکان لەگەڵ ئێران عەلى زەیدى خستووەتە ژێر فشارەوە

عێراق داوای بەدەرکردنی فڕۆکەخانەکانی لە سزاکانی سەر ئێران دەکات

قەیس خەزعەلی ڕەخنە لە هەڵوێستی عێراق دەگرێت بەرامبەر بە ئێران

بزووتنەوەی نوجەبا هەڕەشەی مانگرتن لە تەواوی فڕۆکەخانەکانی عێراق دەکات

فەیحان: ڕاگرتنی گەشتەکانی ئێران زیان بە ئابووریی عێراق دەگەیێنێت

ئەبو ئالا وەلائی داوای ڕەتکردنەوەی گەمارۆکانی سەر ئێران دەکات

رێبوار حەمەوەیس

55 خولەک پێش ئێستا