شەش کەس لەسەر دۆسیەی کانە زێڕەکەی باکوورى کوردستان بەندکران

شوێنی رووداوەکە فۆتۆ: AFP
شوێنی رووداوى داڕمانى کانە زێڕەکەى ئەرزنجان فۆتۆ: AFP

بە بڕیاری دادوەر شەش کەس لەسەر دۆسییەی کانە زێڕە داڕماوەکەی باکوری کوردستان بەندکران.

لە چوارجێوەی لێکۆڵینەوەی داواکاری گشتیی ئەرزنجان، شەش کەس لەسەر دۆسیەی داڕمانی کانە زێڕەکەی شارۆچکەی ئلیچی باکوری کوردستان بەندکراون، دوو دەستگیرکراوی دیکەش دراونەتە دادگا و لێکۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە.

یەکێک لەو کەسانەی بڕیاری بەندکردنی بۆ دەرکراوە بەڕێوەبەری کۆمپانیایەکی کەنەدییە کە لە کانەکەدا کاریانکردووە.

هاوکات یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا رایگەیاند، لێکۆڵینەوەکانیان لەبارەی رووداوەکە و ئەو کەسانەی کەمتەرخەمن بەردەوامە، تیمێکی هەشت کەسیش بۆ ئەو کارە راسپێردراون.

رۆژى 13ـى ئەم مانگە، کانە زێڕەکەی سنوری ئەرزنجان لە باکوری کوردستان داڕما، بەهۆیەوە نۆ کرێکار بوون بە ژێر گڵی داڕماوی کانەوەکەوە و تاوەکو ئێستا سەرجەمیان بێسەروشوێنن.