گڕکانەکەی ئایسلەندا بۆ جاری چوارەم تەقییەوە

گڕکانەکەی نیمچە دوورگەی ریکجانێس لە باشووری رۆژئاوای ئایسلەندا. فۆتۆ: AP

گڕکانێک بۆ جاری چوارەم لە ئایسلەندا تەقییەوە و فەرمانگەی کەشناسیی ئەو وڵاتە زەنگی ئاگادارکردنەوەی لێدا.

تەقینەوەی گڕکانەکە لەنێوان ناوچەی هاگافێل و ستۆرا- سکۆگفێل بووە کە لەهەمان ئەو ناوچەیەدا دروستبووە لە 8ی شوباتی رابردوو، جارێکی دیکە تەقیوەتەوە.

فەرمانگەی کەشناسیی ئایسلەندا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە ئەنجامی تەقینەوەی گڕکانەکە، درێژیی درزەکەی بە نزیکەی 2.9 کیلۆمەتر مەزەندە کراوە، کە بە نزیکەیی هەمان قەبارەی دوایین تەقینەوەی مانگی شوباتی رابردووە.

دەسەڵاتداران چەند هەفتەیەک بوو هۆشدارییاندابوو کە تەقینەوەیەک لە نیمچە دوورگەی ریکجانێس لە باشووری رۆژئاوای ئایسلەندا نزیکە رووبدات.

پۆلیسی ئایسلەنداش رایگەیاند: باری نائاساییان بۆ ئەو ناوچانەی نزیک گڕکانەکەن راگەیاندووە.

ئەمە لەکاتێکدایە رۆژانی 14 و 18ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ ناوچەکە تەقينەوەيەکی ديکەی گڕکانیی بەخۆوە بينی لە نزیک گوندی گرینداڤیک، دانيشتووانی گوندەکە ناوچەکەيان چۆڵکرد.

لە ئایسلەندا زیاتر لە 30  گڕکانی چالاک هەیە کە بەرزترین ژمارەیە لە ئەوروپادا.

د. ئێڤجینیا ئیلینسکایا، زانای گڕکانەکان، لە زانکۆی لیدز، گوتى: "ئەو وێنانەی لە ئایسلەندادا دەبیندرێن، باوەڕپێکردن پێیان قورسە، ئەو بەشەی ئایسلاندا لەماوەی 800 ساڵدا تەقینەوەی گڕکانی نەبووە و دوایینجار کە گڕکان هەڕەشەی لە شارۆچکەیەک کردووە، 50 ساڵ لەمەوبەر بووە لە ساڵی 1973دا".

نیمچە دورگەی ریکیانسیش لە ماوەی هەشت سەدەی رابردوودا هیچ تەقینەوەیەکی گڕکانی تيايدا رووينەدابوو، بەڵام لەمانگی ئازاری ساڵی 2021ەوە ناوچە گڕکانییەکانی ئەم نیمچە دوورگەیە چالاک بوونەتەوە.

تەقینەوەکان لە مانگی ئابی 2022، تەمموز و کانوونی دووەمی 2023 دەستيانپێکردووە، ئەمەش وایکردووە پسپۆڕانی گڕکانەکان ئاماژە بەوە بکەن کە ئەوەی روودەدات پێدەچێت سەرەتای سەردەمێکی نوێی چالاکییەکان بێت لە ناوچەکەدا.

زانایان ترسیان هەیە کە تەقینەوەی گڕگانەکان بۆ دەیان ساڵی دیکە بەردەوامبن و دەسەڵاتدارانی ئایسلەنداش تاوەکو ئێستا نەیانتوانیوە رێگەچارەیەک بۆ کەوتنەوەی کەمترین زیان لەئەنجامی تەقینەوەی ئەم گڕکانانە بدۆزنەوە.