وەرزشوانە رووسی و بێلارووسیەکان رێگەیان پێنادرێت بەشداری ئۆڵۆمپیادی پاریس بکەن

ئاڵای ولاتی رووسیا لە تەنیشت ئاڵای ئۆڵۆمپیاد. فۆتۆ: AP

وەرزشوانە رووسی و بێلارووسیەکان ئەمساڵ رێگەیان پێنادرێت لە رێوڕەسمی دەستپێکردنی ئۆڵۆمپیادی پاریس بەشداری بکەن، تەنانەت گوومان لە بەشداریکردنیشییان هەیە بۆ یارییەکان.

هەموو کاتێک ئەوە بووەتە کلتوورێک لە یارییەکانی ئۆڵمپیاد، رێوڕەسمێک پێش دەستپێکردنی یارییەکان ئەنجامدەدرێت، لە رێکەوتی 26ی مانگی حەوتی ئەمساڵ، بە هەزاران وەرزشوان روودەکەنە رووباری سێین کە چەند کیلۆمەترێک دوورە لە بورجی ئیفڵەوە، لەوێ مەراسیمەکە ئەنجامدەدرێت.

بەڵام چاودێرانی نێودەوڵەتی ئۆڵۆمپیاد ئەوەیان راگەیاند، کە وەرزشوانە رووسی و بێلارووسییەکان تەنیا دەتوانن لە دوورەوە ئیڤێنتەکە ببینن و بۆیان نییە لە نێو وەرزشوانەکانی دیکەدا بن، ئەمەش بەهۆی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا، کە دوو ساڵ و زیاترە بەردەوامە، تەنانەت تاوەکو ئێستاش گوومان لە بەشداریکردنیان لە یارییەکانیش دەکرێت بەڵام بە فەرمی هێشتا بڕیارێک نەدراوە لە بارەی ئەوەی بەشداریی دەکەن یاخود نا.