چوارچێوەی هەماهەنگی: بە رێزەوە لە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی دەڕوانین و داواکارین هەموولایەک پابەندبن

چوارچێوەى هەماهەنگى کۆبوونەوەیەکى سازکرد و پاش کۆبوونەوەکە لە راگەیەندراوێکدا پشتگیریی خۆی بۆ بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی دووپاتکردوە و رایگەیاند، داواکارین سەرجەم لایەنەکان پابەندى بڕیارەکانى دادگاکە بن.

لە راگەیەندراوەکەدا چوارچێوەى هەماهەنگى ئاماژە بەوەکراوە، جەخت لە گرنگیى پابەندبوون بە جیاکردنەوەى دەسەڵاتەکان دەکەینەوە، نابێت هیچ دەسەڵاتێک زیادەڕەوى بکاتە سەر دەسەڵاتێکى دیکە و ئەمەش لە پێناو هاوسەنگى دەستووری،  بەمەبەستى پاراستنى دەستوور لە دەرکردنى بڕیار، جێبەجێکردن و چاودێرى.

ئاماژە بەوەشکراوە، بە رێز و پێزانینەوە لە کارەکانى دادگاى باڵاى فیدراڵى و سەرۆکەکەى، دادوەر جاسم عومەیر دەڕوانین و داواش دەکەین هەمووان رێز لەبڕیارەکانى دادگا بگرن و لەگرنگییەکەى کەمنەکەنەوە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، پێویستە سەرجەم لایەنەکانى چوارچێوەى هەماهەنگى پابەندى بڕیارەکانى دادگاى فیدڕاڵى بن ئەگەر لەبەرژەوەندیشیان نەبووبێت، ئەمەش لەچوارچێوەى پابەندبوونە بە رێزگرتن لەدەسەڵاتى دادوەرى و دەستوورى عێراق.

بەیاننامەکەى چوارچێوەى هەماهەنگى لەکاتێکدایە شەوى رابردوو دادگاى فیدراڵى راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، رێکارى یاسایی دژى ئەو کەس و لایەنانە دەگرنەبەر کە هێرشى ناڕەواى جۆراوجۆر دەکەنە سەر دادگاکەیان.