ئەمریکا پێشنیازێکی نوێ دەخاتە بەردەم بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل

دیمەنى خانوو و تەلارە وێرانبووەکانى کەرتى غەززە، بەهۆى بۆردوومانەکانى ئیسرائیلەوە. فۆتۆ: AP

ئاژانسی رۆیتەرز لەزاری سەرچاوەیەکی ناو گفتوگۆکانی نێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل ئەوەی بڵاوکردووەتەوە، ئەمریکا پێشنیازێکی نوێی خستووەتەتە بەردەم هەردوو لایەن و ئیسرائیلیش بە پێشنیازەکە رازی بووە.

رۆژی 24ـی ئازاری 2024، یەکێک لە ئەندامانی دیپلۆماسیی ئیسرائیل کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت بە ئاژانسی  رۆیتەرزی راگەیاند، ناکۆکیی ئێستای هەردوو لایەنەکە لەسەر ژمارەی ئەو کەسانەیە کە بڕیارە لەکاتی ئاگربەستەکە ئازادبکرێن.

بەرپرسەکەی ئیسرائیل باسی لەوەشکردووە، ئەمریکا پێشنیازێکی نوێی خستووەتەسەر مێزی گفتوگۆ لەبارەی ژمارەی ئەو کەسانەی لە ئاگربەستەکە ئازاد دەکرێن، ئیسرائیل بە پێشنیازەکە رازیبووە بەڵام هێشتا حەماس وەڵامی پێشنیازەکەی نەداوەتەوە.

پاش هێرشەکەی بزووتنەوەی حەماس لە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023 تەنیا یەکجار ئاگربەستی کاتی لەنێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل لە رۆژی24ـی تشرینی دووەم تاوەکو 1ـی کانوونی یەکەم ئەنجامدراوە و ماوەی 170 رۆژە جەنگەکە بەردەوامە.