فڕۆکە جەنگییەکانى رووسیا کیێڤى پایتەختى ئۆکرانیایان بۆردومانکرد

تیمەکانى ئاگرکوژێنەوە لە کیێڤ سەرقاڵى کۆنترۆڵکردنى ئاگرى تەلارێکن بەهۆى هێرشەکانى رووسیاوە. فۆتۆ: AP

هێزە ئاسمانییەکانى رووسیا، بەرەبەیانى ئەمڕۆ کیێڤى پایتەخت و ناوچەى لڤیڤی خۆرئاواى ئۆکرانیایان بۆردوومانکرد.

بەگوێرەى هەواڵى میدیاى ناوخۆى ئۆکرانیا، کە لەزارى ڤیتالى کلیتچکۆ، سەرۆکى شارەوانى کیێڤ بڵاویانکردووەتەوە، بەرەبەیانى ئەمڕۆ یەکشەممە 24ى ئازارى 2024، فڕۆکە جەنگییەکانى رووسیا بۆردوومانى کیێڤیان کردووە و لەلایەن سیستمى بەرگریى ئاسمانى وەڵامدراونەتەوە، داواشى لە هاوڵاتیانى پایتەخت کردووە لە حەشارگەکان نەیەنە دەرەوە.

هاوکات، مەکسیم کۆزیتسکى، پارێزگارى لڤیڤ ئاماژەى بەوەکردووە، لەباشوورى شارى لڤیڤ ژمارەیەک هێرشى مووشەکی کراونەتە سەر شارەکەیان.

لایخۆیەوە، فەرماندەیى هێزە چەکدارەکانى پۆڵەندا رایگەیاندووە، شەوى رابردوو بەووردى چاودێرى چالاکییە فڕۆکەوانییەکانى رووسیایان کردووە کە هێرشیانکردووەتە سەر ئۆکرانیا، لەو چوارچێوەیەشدا سەرجەم رێوشوێنە پێویستەکانیان خستووەتەکار بۆ پاراستنى ئاسمانى پۆڵەندا.

ماوەى هەفتەیەکە، هێرشە ئاسمانییەکانى نێوان رووسیا و ئۆکرانیا بەشێوەیەکى بەرچاو بەرزبوووەتەوە، رووسیا هێرشەکانى بۆسەر ئۆکرانیا چڕکردووەتەوە بەتایبەتى هێرشى ئاسمانى بۆسەر کیێڤى پایتەخت.