وەزیری ناوخۆی تورکیا: 600 هەزار پۆلیس هەڵبژاردنەکانى تورکیا دەپارێزن

ئەندامێكی هێزەكانی پۆلیسی توركیا. فۆتۆ: گوگڵ

عەلى یەرلى کایا، وەزیرى ناوخۆى تورکیا، لەمیانەى خوانێکى بەربانگى رەمەزان لە شارى ئیستەنبوڵ، رایگەیاند "600 هەزار ئەندامى هێزە ئەمنییەکانیان راسپاردووە، بۆ پاراستنى ئەمنییەتى رۆژى هەڵبژاردنە خۆجێیەکانى تورکیا".

بڕیارە رۆژى یەکشەممە، 31ى ئازار، هەڵبژاردنی شارەوانییەکان بەڕێوەبچێت، سەرجەم حیزب و پارتە سیاسییەکانى بەشدار لە هەڵبژاردنەکە بانگەشەکانیان بەڕێوەدەبەن".

مانگی رابردوو، ناوەندی توێژینەوەی ئاساڵ لە تورکیا، راپرسییەکی لەبارەی دەنگی حیزبە سیاسییەکانی تورکیا، بۆ هەڵبژاردنی خوجێی مانگی ئازار بڵاوکردەوە.

ناوەندی ئاساڵ، لەبارەی دەنگی حیزبەکانەوە بۆچوونی دوو هەزار کەسی لە زۆرینەی پارێزگاکانی باکووری کوردستان و تورکیا وەرگرتووە.

بەگوێرەی ئەنجامی راپرسییەکە، دەنگی حیزبی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) 1% کەمیکردووە و دەنگەکانی پارتی دەم و حیزبی رەفاهی نوێ زیادیانکردووە.

هەر بەگوێرەی راپرسییەکە، ئاکپارتی 34.8% ، جەهەپە 23.2% ، مەهەپە 9.7% ، پارتی دەم 9.4% ، ئیی پارتی 8.5% ، حیزبی رەفاهی نوێ 4.8% ، حیزبی سەرکەوتن 3.7% ، حیزبی کرێکارانی تورکیا 2.1%، حیزبی  مەملەکەت 0.8% و حیزبەکانی دیکە 3% دەنگەکانیان بەدەستهێناوە.

بڕیارە 31ـى ئازاری 2024، هەڵبژاردنی خۆجێی بۆ شارەوانییەکان و ئەنجوومەنی شارەکان و گوندەکان لە تورکیا و باکووری کوردستان بەڕێوەبچێت. پێویستە حیزبە سیاسییەکان تاوەکو 20ـى شوبات ناوی بەربژێرەکانیان پێشکەشی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان بکەن.