ئەمڕۆ یارییه‌كانى خولی نایابی کوردستان كۆتایی دێت

دوای شەش مانگی ماندووکەر و هەوڵدانێکی بەردەوامی یانەکانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ کاروانی خولی نایابی کوردستان بە هەشت یاری کۆتایی دێت.

خولەکە بە یاریی نێوان زاخۆ و ئاکرێ دەستیپێکرد، هەر لە یەکەم یارییەوە یەکسانبوون روویدا، کە ئەوەش زیاتر گوزارشتی لە ئاستی یانەکان و بیرکردنەوەیان دەکرد لە کێبرکێکردن بۆ ناسناوەکە، هەمووان هاتبوون بۆ ئەوەی تامی سەرکەوتن بکەن، لە کۆتاییشدا هەر ئەوە روویدا، ئەنجامەکانتاوەکو دوایین گەڕی خولەکە هێندە نزیکن لەیەکەوە، مەگەر چەند چرکە ساتی داهاتوو پاڵەوان و یانە شکستخواردووەکان لە یەکدی جیابکاتەوە.

ئاکرێ لە یاریگەی چوارقوڕنه‌ شەڕ بۆ ناسناوەکە دەکات و تۆپەکەش لەو یاریگەیەدایە، ئەگەر یانەکەی قەزای ئاکرێ براوەبێت، ناسناوەکەی مسۆگەرە، بەڵام یانەیەک کە جیاوازییەکەی تەنیا خاڵێکە لەگەڵ پێشمەرگەی هەولێر و دوو خاڵ لەگەڵ شێروانە، پێناچێت ئەرکەکەی ئاسان بێت.

دوو یانەی دیکە کە شێروانەی کەلار و پێشمەرگەی هەولێرن چاویان لەو یارییە و لە ئەنجامی یارییەکەی خۆشیانە، چاویان چاوەڕوانی کەوتنی ئاکرێیە، ئەگەر ئەوەش رووبدات، شێروانە و پێشمەرگە یەکێکیان دەبنە پاڵەوان، خۆشبەختی گەرمیانییەکانیش لەوەدایەک کە هەردوو ئەو جەمسەرە لە یاریگەی شێروانە دوایین یارییان ئەنجامدەدەن، شێروانە نۆ هەفتە لە لووتکەی ریزبەندیی خولەکەدا بووە کە لە هەمووان زیاترە و خۆی بە شایستە دەزانێت، پێشمەرگەی هەولێریش سێ هەفتە لە پێشەنگیدا بووە.

لەسەر ئاستی یانەکانی خوارەوەی ریزبەندیش، یانەکانی برایەتی لە خانەی 12وە، پاشان یانەکانی ئارارات، شەقڵاوە، دهۆک، سۆران تاوەکو پێگەی 16 مەترسی دابەزینیان لەسەرە و هەر ئەمڕۆ پێگەکانیان یەکلاییدەبێتەوە.