سودانی: هەرێمی کوردستان قەوارەیەکی دەستوورییە و مەترسیى لەسەر نییە

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق. فۆتۆ: نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكوەزیرانی عێراق

سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆبوونەوە و ئەندامێکی شاندەکە دەڵێت، "سودانی گوتوێتی، قەوارەى هەرێمى کوردستان قەوارەیەکی دەستوورییە."

دیلان غەفوور، ئەندامى ئەو شاندەى عێراق کە سەردانی ئەمریکای کردووە بە کەناڵ8ی راگەیاند، محەمەد شیاع سودانى، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەمیانی کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەى ئەمریکا لەبارەی قەوارەی هەرێمی کوردستان قسەی کردووە و گوتوویەتی، " قەوارەیەکی دەستوورییە و مەترسیى لەسەر نییە."

بە گوتەی ئەو ئەندامەی شاندەکەی عێراق، لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانیش گفتوگۆ کراوە و "وەزیری دەرەوەی ئەمریکا داوایکردووە هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان دەستپێبکاتەوە".

دیلان غەفوور دەشڵێت سودانى، بە بلینکنی راگەیاندووە، "لەگەڵ دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوتی هەرێمی کوردستاندان."

دیلان غەفوور گوتیشی: "سودانى بە بلینکنى راگەیاندووە پێویستە هەموارى یاساى بودجە و گۆڕانکاریى لە گرێبەستە نەوتییەکانى هەرێمى کوردستان بکرێت".