لە یادی جینۆسایدی ئەنفالدا ئاڵای کوردستان لە بەردەم شارەوانیی مارکامی کەنەدا هەڵکرا

لە 36ـەمین ساڵیادی تاوان و جینۆسایدی ئەنفالدا، بۆ ڕێزگرتن لە یادی قوربانییانی ئەو تاوانە، بە بەشداریی ژمارەیەک لە کوردانی تۆرۆنتۆ و شار و ناوچەکانی هەرێمی ئۆنتاریۆ، لەگەڵ چەند کاربەدەستێکی حکومەتی کەنەدا، ئاڵای کوردستان لە بەردەم شارەوانی شاری مارکام بەرزکرایەوە.

هۆشمەند چەکوانی رۆژنامەنوس و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی ماڵی کورد لە تۆرۆنتۆ، بە کەناڵ8ـی راگەیاند، ڕێوڕەسمەکە، کە ماڵی کورد لە تۆرۆنتۆ بە هاوکاریی شارەوانیی مارکام ڕێکیخستبوو، بە خولەکێک بێدەنگی بۆ گیانی شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد، پاشان سروودی نەتەوایەتیی کەنەدا و کوردستان گوترا، ئاڵای کوردستان بەرزکرایەوە.

ئەو رۆژنامەنوسە ئاماژەی بەوەشدا، چەتۆ وانی سەرۆکی ماڵی کورد بە زمانی ئینگلیزی و سلێمان دڵسۆز ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ماڵی کورد بە زمانی کوردی وتاری ماڵی کوردیان پێشکەش بە ئامادەبووان کرد، کە تێیدا وێڕای ئاماژەکردن بەو جینۆسایدانەی تەنیا بە تاوانی کوردبوون لە لایەن داگیرکەرانی کوردستانەوە بە سەر خەڵکی بێتاوانی کورد هێنراون، جەختیان "لەسەر ئیرادەی گەلی کوردستان بۆ پارێزگاری لە خاک و کەرامەتی خۆیان کردەوە، دڵنیاییاندا، سەرەڕای هەر زەبر و زەنگ و وەحشیگەرییەک کە دوژمنانمان دەرهەق بە گەلەکەمان نیشانی دەدەن، کوردستانییان لە خەبات بۆ ئازادیی و سەروەریی سیاسی سوور و شێلگیرن".

هەر لەم یادەدا، کە لە 36ـەمین ساڵیادی ئەنفالدا بەڕێوەچوو، لەپاش وتاری ماڵی کورد، چەند کاربەدەستێکی حکومەتی کەنەدا بەو بۆنەوە وتاریان پێشکەش کرد، لەوانە: بێلی پەنگ ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی ئۆنتاریۆ لە ناوچەی مارکام یونیەن ڤێڵ، ئەندام پەرلەمانی هەرێمی ئۆنتاریۆ دەیڤد سمیت و ئەماندە یانگ کۆلۆشی ئەندامی شارەوانیی مارکام بە نوێنەرایەتیی فرانک سکارپیتی سەرۆکی شارەوانیی مارکام، جونیتا نەیتن ئەندامێکی تری شارەوانیی مارکام کە لە وتەکانیاندا وێڕای دەربڕینی هاوسۆزی و ئاماژەکردن بە قووڵیی ئەو تاوانەی دەرهەق بە گەلەکەمان کراوە، جەختیان کردەوە کە هاودەنگ لەگەڵ جڤاکی کوردی، دەنگی خۆیان دژی هەر تاوانکارێک دژی کورد هەڵدەبڕن و پشتگیریی ماڵی کورد و جڤاکی کوردی دەکەن.

هەر لەم چالاکییەدا، جونیتا نەیتن ئەندامێکی شارەوانیی مارکام، تابلۆیەکی بەرز ڕاگرتنی یادەکەی پێشکەش بە دەستەی بەڕێوەبەرایەتیی ماڵی کورد کرد بۆ ئەو خزمەتە مرۆیی و کولتووری و جڤاکییانەی پێشکەش بە کۆمیونیتی کوردیی دەکات.

لە درێژەی چالاکییەکاندا، تەها سلێمان نووسەر و لێکۆڵەر، وتاری "کۆمەڵەی داکۆکی لە "پرسی ئەنفال"دا پێشکەش بە ئامادەبووان کرد و ئاماژەی بەوەدا، چەندین بەڵگەنامە بۆ سەلماندنی تاوان و جینۆسایدی ئەنفال و جینۆسایدەکانی تر بە دەستەوەن، کە بەرپرسانی کوردستان دەتوانن پشتی پێ ببەستن بۆئەوەی دەوڵەتی عێراق ناچار بکەن بە شێوەیەکی فەرمی داوای لێبوردن لە گەلی کوردستان بکات و ئەرکی قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی کوردستانی بکەوێتە ئەستۆ.

هۆشمەند چەکوانی ئاماژەی بەوەشدا، لە دوا بەشی ڕێوڕەسمەکەدا هەر یەک لە هونەرمەندان، ڕوژدی تەها و عوسمان میروەیس بە مەقام و لاواندانەوەی بەسۆزی خۆیان یادی قوربانییانی جینۆسایدی ئەنفالیان بەرز ڕاگرت.

پرۆگرامەکەش لە لایەن پێشەشکاران بەژن تەها بە زمانی کوردی و تارا مودەڕیسی بە زمانی ئینگلیزی بەڕێوەچوو.