رێکخراوی گەشەپێدانی مەدەنییەت CDO پێشانگەی سیمپۆزیۆمی ژینگە رێکدەخات

لە رۆژی ژینگەی کوردستاندا، رێکخراوی گەشەپێدانی مەدەنییەت CDO پێشانگەی سیمپۆزیۆمی ژینگە، بە بەشداریی 16 هونەرمەندی شێوەکار رێکدەخات.

محەمەد فەتاح، سەرپەرشتیاری پرۆژەکە، بە کەناڵ8ـی گوت، "رێکخراوی گەشەپێدانی مەدەنییەت CDO سیمپۆزیۆمی ژینگەی رێکخستووە، بیرۆکەی بەندەیە. وا بڕیارە سبەی، کە دەکاتە رۆژی 16ـی چوار کە رۆژی ژینگەی کوردستانە ئەم چالاکییە بە بەشداریی 16 هونەرمەندی شێوەکار بەڕێوەبچێت".

ئاماژەی بەوەشدا، ئەم چالاکییە بەشێوەی پلانێکی دیاریکراو بەڕێوەدەچێت، کە بریتییە لەوەی کاتژمێر 09:00ـی سەرلەبەیانیی، شێوەکارەکان دەستدەکەن بە کارکردن لە باخچەی گشتیی، بە ئامادەبوونی میدیاکارانیش، باس لە چۆنییەتی بەڕێوەچوونی سیمپۆزیۆمەکە دەکەین، نیوەڕۆکەشی، نیوەڕۆ خوانێک هەیە بۆ بەشداربووان لە رێکخراوی CDO، پاشان ئەو بەرهەمانەی کە دروستکراون دەکرێن بە پێشانگە و کاتژمێر 16:00 بە ئامادەیی پارێزگاریی سلێمانی و جەماوەرێک لە هونەرمەندان نمایشدەکرێن.

محەمەد فەتاح، باسی لەوەشکرد، کەرەستەی تەواو بۆ ئەو 16 هونەرمەندە ئامادەکراوە، لە ستاند و بۆیە و فڵچە و هەموو کەرەستە پێویستییەکانیان ئامادەکراوە، تا بتوانن وێنەی سروشت بکێشن.

جەختی لەوەشکردەوە، "ئەم چالاکییە پەیامێکە بۆ ژینگەپارێزی، بۆئەوەی هەموومان هەمیشە لە خەمی ژینگە و جوانکردنیدا بین، هەموو هەوڵێک بدەین بۆ پاک راگرتنی لە هەموو کات و ساتێکدا، هەروەها بەهیواین بتوانین ببین بە بەشێک لە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری بۆ هەموو هاونیشتمانیان و هونەرمەندانیش سەرقافڵەی ئەو کارە جوانە بن".

وابڕیارە چالاکییەکان تەنها سبەی بەڕێوەبچن، لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر هەیە لە رۆژی دواتردا پێشانگەکە ببرێتە حەوشەی سەرا و لەوێدا نمایشبکرێت.