لەژێر گڵی کانە زێڕەکەی ئەرزنجان ئۆتۆمبیلێک دۆزرایەوە

وێنەی ئۆتۆمبێلە دۆزراوەکان فۆتۆ: AA

لەژێر گڵی کانە زێڕەکەی ئەرزنجان ئۆتۆمبێلێک دۆزرایەوە، کە گوماندەکرا بەشێک لە کرێکارە بێسەروشوێنبووەکانی تێدا بووبێت.

دوای زیاتر لە مانگێک گەڕان و پشکنینی تیمەکان لە کانە زێڕە داڕووخاوەکەی ئەرزنجانی باکووری کوردستان، ئۆتۆمبێلێک دۆزرایەوە کە گوماندەکرا بەشێک لە کرێکارە بێسەروشوێنبووەکانی تێدابووبێت، بەڵام زانیارییە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، ئۆتۆمبێلەکە لەلایەن کرێکارەکانەوە بەکارنەهێندراوە.

کانە زێڕەکەی شارۆچکەی ئیلیچی سەربە ئەرزنجان، لە 13ی شوبات داڕووخا و بەهۆیەوە نۆ کرێکار بوون بەژێر گڵەوە، سەرەڕای گەڕانی بەردەوامیش، تاوەکو ئێستا تەرمی هیچکام لە کرێکارەکان نەدۆزراونەتەوە.

دوای چەند رۆژێک لە رووداوەکە، بەتۆمەتی کەمتەرخەمی و کەمکوڕییەوە، چەند کەسێک دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوەش لە هۆکاری روودانی داڕمانەکە بەردەوامە.