دەوڵەت باخچەلی باسی کورد و ئەردۆغان دەکات

ئەردۆغان و باخچەلی فۆتۆ: AP

دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی ناسیۆنالیستی (مەهەپە) دەڵێت: "تورکیا کێشەی کوردی نییە" گوتیشی: "ئەردۆغان نابێت واز بهێنیت".

باخچەلی رۆژی یەکشەممە 17ی ئازار رایگەیاند "لە تورکیا کیشە کورد نییە، بەڵکو کێشە ئەوەیە خواستی دابەشکاریی و تیرۆری هەیە".

دەشڵێت: "ئەوانەی هەوڵدەدەن درز بخەنە نێوان کورد و تورک و سوننی و عەلەوی، ناپاکترینی ناپاکەکانن."

دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی ناسیۆنالیستی (مەهەپە) لە گوتارێکیدا لە کۆنگرەی 14ی پارتەکەی باسی لێدوانەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیای کرد کە گوتبووی، ئەم هەڵبژاردنە دوایین هەڵبژاردن دەبێت بۆ ژیانی سیاسیی خۆی.

باخچەلی گوتی: "هەرگیز بەوە رازى نابین ئەردۆغان واز بهێنێت و گەلی تورکیا بە تەنیا بەجێبهێڵێت".

ئەمڕۆ یەکشەممە 17ی ئازار کۆنگرەی گەورەی مەهەپە بەڕێوەدەچێت و وەک کاندیدێکى بێ رکابەر دەوڵەت باخچەلی، بۆ 11هەمین جار لەسەریەک هەڵدەبژێردرێتەوە.

لە شاری ئەنقەرە کۆنگرەی ئاسایی 14هەمینی پارتی بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی (مەهەپە) بە دروشمی "خۆشەویستی بۆ وڵات و سوێند بۆ ئامانج"بەڕێوەدەچێت.

لە کۆنگرەکەدا سەرۆکی پارتەکە، 75 ئەندامی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی ناوەند و 25 ئەندامی یەدەگی ئەنجوومەنەکە، نۆ ئەندامی ئەنجوومەنی دیسپلین و پێنج ئەندامی یەدەگ هەڵدەبژێردرێن.

دوای کۆنگرەکەش سەرۆکایەتیی دیوانی پارتەکە هەڵدەبژێردرێت کە لە 15 ئەندام پێکدێت.

لە کۆنگرەکەدا تەنیا دەوڵەت باخچەلی خۆی بۆ پۆستی سەرۆکی گشتیی پارتەکە بەربژێر کردووە و بەمجۆرەش بۆ 11هەمین جار لەسەریەک هەڵدەبژێردرێتەوە.

کۆنگرەی پێشتری پارتەکە لە ناوەڕاستی ئازاری 2021 ئەنجامدرا، دەوڵەت باخچەلی بۆ دەیەمجار لەسەر یەک، وەک سەرۆکی پارتەکە هەڵبژێردرایەوە و نیوەی ئەندامانی ئەنجوومەنی ناوەندیش گۆڕدران.

دەوڵەت باخچەلی، لە ساڵی 1997و دوای مردنی ئاڵپئارسلان تورکەش، بە سەرۆکی گشتیی مەهەپە هەڵبژێردرا.