حەماس: داگیرکارییەکانی نەتانیاهوو هیچ وێنەیەکی سەرکەوتن بۆ خۆی و سوپا نازییەکەی دروستناكەن

هێرشێكی پێشووی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر نەخۆشخانەی شیفا. فۆتۆ: AP

پاش هێرشكردنەسەر نەخۆشخانەی شیفا لە كەرتی غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە، بزووتنەوەی حەماس لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، تاوانەكانی داگیركەر هیچ وێنەیەکی سەرکەوتن بۆ نەتانیاهوو و سوپا نازییەکەی دروستناكەن.

بزووتنەوەی حەماس لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، "هێرشكردنەسەر نەخۆشخانەی شیفا تاوانی جەنگە و نیازی داگیركار پیشاندەدات بۆ لەناوبردنی كەرتی تەندروستی غەززە، ئیسرائیل و ئیدارەی ئەمریكا و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەرپرسیارێتی سەلامەتی ئەو كەسانەیان دەكەوێتەسەر شان كە لەناو نەخۆشخانەكەدان".

روونیشیكردووەتەوە، "بەتوندترین شێوە سەركۆنەی بەردەوامی بەئامانجگرتنی نەخۆشخانەكان دەكەن لەلایەن داگیركەرەوە، نەخۆشخانەكان دامەزراوەی مەدەنین و هیچ چالاكییەكیان نەبووە لە دەرەوەی كاری خۆیان".

بزووتنەوەی حەماس لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەدا باسی لەوەكردووە، "ئەوەی روودەدات تاوانێكی نوێیە كە ئیسرائیل ئەنجامیدەدات بە هێرشكردنەسەر نەخۆشخانەی شیفا و ناوچەكانی دەوروبەری لە كەرتی غەززە، تاوانەكانی داگیركەر هیچ وێنەیەكی سەركەوتن بۆ نەتانیاهوو و سوپا نازییەكەی دروستناكات".

بزووتنەوەی حەماس ئاماژەی بەوەكردووە، "تاوانەكانی داگیركەر ونبوون و شڵەژان و لەدەستدانی هیوا بۆ سەركەوتنی سەربازیی پیشاندەدەن".

شەوی رابردوو بەبیانووی بوونی ئەندامانی بزووتنەوەی حەماس لەناو نەخۆشخانەی شیفا، سوپای ئیسرائیل بۆردوومانی نەخۆشخانەكەی كرد و پاشئەوەش هێرشی كتوپڕی كردەسەر نەخۆشخانەكە.

بەگوێرەی زانیارییەكان، بەشێكی نەخۆشخانەكە ئاگریگرتووە و ژمارەیەك كەسیش لەناو نەخۆشخانەكە كوژراون و برینداربوو، پاشئەوەش لە دەوروبەری نەخۆشخانەكە پێكدادان لەگەڵ ئەندامانی حەماسدا دروستبووە.