حەماس: هیچ بەرەوپێشچوونێک بۆ ئاگربەست و ئاڵۆگۆڕی بارمتە و زیندانییەکان بەدینەهاتووە

چەند چەکدارێکی گرووپی حەماس فۆتۆ: رۆیتەرز
چەند چەکدارێکی گرووپی حەماس فۆتۆ: رۆیتەرز

بزووتنەوەی حەماس ئاشکرایکرد، هیچ بەرەوپێشچوونێک بەدینەهاتووە، لە گفتوگۆی ناوبژیوانەکان، بۆ گەیشتن بە ئاگربەست و ئاڵۆگۆڕیی بارمتە و زیندانییەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل.

لێپرسراوێکی بزووتنەوەی حەماس کە نەیویستووە ناوی خۆی ئاشکرابکات، بە ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێسی گوتووە: بزووتنەوەی حەماس تێڕوانینی خۆی پێشکەش بە ناوبژیوانە میسریی و قەتەرییەکان کردووە، ئەوان چاوەڕوانی وەڵامی دوژمنن لەسەر ئەو تێڕوانیانەی کە حەماس لە دەوحەی پایتەختی قەتەر پێشکەش بە ناوبژیوانەکانی کردووە.

ئەو بەرپرسەی بزووتنەوەی حەماس دووپاتیکردووەتەوە، تا ئێستا هیچ بەرەوپێشچوونێک بەدینەهاتووە لە گفتوگۆکان.

ئەو بەرپرسەی حەماس ئاماژەی بەوەشکردووە، ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئیسرائیل و نەتانیاهوودایە، کە ئایا نەرمی دەنوێنێت، یاخود هەوڵەکانی گەیشتن بە رێککەوتن پەکدەخات، وەک هەموو جارێکی دیکە.

هاوکات هەڵوێستی حەماسی دووپاتکردەوە، کە ئامادەن بۆ ئاگربەست و پرۆسەی ئاڵوگۆڕیی دیل و زیندانییەکانی لای یەکتر.

هەفتەی رابردوو، بزووتنەوەی حەماس، پێشنیازێکی پێشکەش بە میسر و قەتەر کرد، بە مەبەستی ئاگربەستی هەمیشەیی و ئاڵوگۆڕیی بارمتە و زیندانییەکان، بەگوێرەی پلانەکەش لە قۆناغی یەکەمدا ئاگربەست بۆ ماوەی شەش هەفتە رادەگەیەنرێت و لەبەرامبەریشدا 42 بارمتەی ئیسرائیلی ئازاد دەکرێت، لە بەرامبەردا ئیسرائیل 20بۆ 30 زیندانی فەڵەستینی ئازاد دەکات، لەبەر هەر بارمتەیەکی سڤیلی ئیسرائیلی و 50 زیندانیش لە بەرامبەر هەر سەربازێکی ئیسرائیل.