هاوسەری یەکێک لە سەرکردە باڵاکانی داعش لە کامپی هۆڵ دیار نەماوە

ژنە دەستگیرکراوێکی داعش لەناو کامپی هۆڵ لە سووریا فۆتۆ: AP

هاوسەری یەکێک لە سەرکردە باڵاکانی داعش لەگەڵ دوو منداڵیدا لە کامپی هۆڵ لە باشووری حەسەکە دیار نەماون و لە کامپەکەش حاڵەتی ئامادەباشی و هۆشداریی ئەمنی بەرزکراوەتەوە.

روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، هاوسەری سەرکردەیەکی باڵای چەکدارانی داعش لە کامپی هۆڵ دوای سەردانی بۆ نەخۆشخانەی مانگی سووری سووریا دیار نەماوە. 

ئاماژە بەوەکراوە، ئەو ژنە خەڵکی میسرە و لەگەڵ دوو منداڵەکەیدا چوونەتە ئەو نەخۆشخانەیە و دواتر دیار نەماون.

لە دوای دیارنەمانی ئەو ژنە، هێزەکانی ئاسایشی کەمپەکە خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە و بازنەی ئەمنییان لە ناوچەکە دروستکردووە و لە یەکەی پێنجەمی کامپەکەش دەستیان بە هەڵمەتی پشکنین و ئۆپراسیۆن کردووە و 25 خێمەشیان گەمارۆداوە.

هەڵمەتی کۆنترۆڵکردنی رێگای کەمپەکە بۆ شارۆچکەی هۆڵ و حەسەکە بەردەوامە و لە هەوڵدان تاوەکو ئەو ژنە و منداڵەکەی دەستگیر بکەن.

رۆژی پێنجی شوبات، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە کامپی هۆڵ دوو تونێلیان دۆزییەوە، کە بۆ خۆحەشاردان و شاردنەوەی بەشێک لە ژنانی کۆچبەر بەکاردەهێنرا.

کامپی هۆڵ، لە ساڵی 2019 دا دروستکراوە و لەو کاتەدا زیاتر لە 70 هەزار کەس لە بنەماڵەی چەکدارانی داعش لە کەمپی هۆڵ لە رۆژئاوای کوردستان دا نیشتەجێکران، کە خەڵکی 64 وڵاتن. بەگوێرەی زانیارییەکانی کەناڵ8، ئێستا بە گشتی 43 هەزار کەس لە کامپەکەدا ماون، کە 20 هەزار و 144 کەسیان عێراقی و 16 هەزاریان خەڵکی سووریا و شەش هەزار و 612 کەسی دیکەیان بیانین، لەو ژمارەیەش 18 هەزاریان ژن و نۆ هەزاریان منداڵە، کە جگە لە بەشێک لە ئاوارە عێراقییەکان، زۆربەی هەرە زۆریان بنەماڵەی چەکدارانی داعشن.

بەگشتیش 19 هەزار چەکداری داعش لە زیندانەکانی رۆژئاوای کوردستاندان.

ئیدارەی رۆژئاوا تاوەکو ئێستا چەندینجار داوای لەو وڵاتانە کردووە، هاوڵاتییانی خۆیان وەربگرنەوە.