کۆمپانیای کی کارد: دەتوانین لە مانگێکدا هەژماری بانکیی بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دروستبکەین

کۆبوونەوەى لیژنەى دارایی، بانکى رافیدەین و کۆمپانیاى کی کارد سەبارەت بە بانکیکردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان بەڕێوەچوو، نوێنەرانى بانک و کۆمپانیاکە رایانگەیاندووە، دەتوانن لە ماوەى مانگێکدا هەژمارى بانکیى بۆ مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان بکەن.

یوسف کیلابى، ئەندامى لیژنەى دارایی ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق بە کەناڵ8ى راگەیاند: ئەمڕۆ لیژنەى دارایی ئەنجوومەنى عێراق لەگەڵ نوێنەرانى بانکى رافیدەین و کۆمپانیاى کى کارد کۆبووەوە.

گوتیشى: لە بەشێکى کۆبوونەوەکەدا پرسى بە بانکیکردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان گفتوگۆى لەبارەوە کرا.

یوسف کیلابى ئاماژەى بەوەشکرد، نوێنەرانى بانکى رافیدەین و کۆمپانیاى کی کارد باسیان لەوەکرد ئەوان دەتوانن لە ماوەى مانگێکدا هەژمارى بانکى بۆ سەرجەم مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان بکەنەوە.

بەگوێرەى زانیارییەکان، نوێنەرى کۆمپانیاى کى کارد ئاماژەى بەوەداوە، دەتوانن رۆژانە 30 هەزار کارت بۆ مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان دەربکەن.

دەروون مەلا ناجى، پەیامنێرى کەناڵ8 لە بەغداد رایگەیاند، بەهۆی گەڕانەوەیان بۆ هەرێمی کوردستان، هیچ نوێنەرێکى کوردی لیژنەى دارایی ئامادەی کۆبوونەوەکە نەبوو.

ئەمە لە کاتێکدایە ئەمڕۆ کۆبوونەوەى سەرۆککۆمار و سەرۆکى دادگاى فیدڕاڵى لەبارەى بڕیارى دادگا بۆ بەبانکیکردنى مووچەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان بەڕێوەچوو، تیایدا سەرۆکى دادگاى فیدڕاڵى جەختى لەوەکردووەتەوە هەردوو وەزیرى دارایی عێراق و هەرێمى کوردستان لە پەیوەندیى بەردەوامدان بۆ جێبەجێکردنى بڕیارەکە و گوتوویەتى "نابێت مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان رابگیرێت بەبیانووى بەبانکیکردن، چونکە ئەو پرۆسەیە کاتێکى دیاریکراوى پێدەچێت".