دادگای فیدڕاڵی: رووبەڕووی هێرشی راگەیاندن بووینەتەوە

دانیشتنی دادگای فیدراڵی

دادگای باڵای فیدراڵی عێراق رایگەیاند، بەهۆی ئەو بڕیارانە لە پێناو پاراستنی دەستوردا دەریاندەکات، دادگاکەی رووبەڕووی هێرشی میدیایی ناوخۆیی و دەرەکی کردووەتەوە و، نابێت دەسەڵاتە خۆجێیەکان مومارەسەی دەسەڵاتە فیدراڵییەکان بکەن.

راگەیەندنی دادگای باڵای فیدراڵی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئامانج لەو هێرشە میدیاییە کە لە ناوەوە و دەرەوە دەکرێتە سەریان، بە مەبەستی پاشگەزبوونەوەیانە لە ئەرکە دەستورییەکانیان بەرامبەر بە نیشتمان و گەل.

دادگای فیدراڵی ئاماژەی بەوەشکردووە، لەو بڕوایەدان ئامانج لەو هێرشە بە سیاسیکراوە، سوکایەتیکردنە بە ناو و ناوبانگی دادگای باڵای فیدراڵی و کردنە ئامانجی شەرعیەتی دادگاکەیە.

دادگای فیدراڵی جەختیکردووەتەوە، ئەو هێرشانە زیانگەیاندنە بە سەربەهۆیی دەزگای دادوەریی و بۆ بەرپەرچدانەوە و شکستپێهێنانی هەموو رێگەیەکی یاسایی پێویست دەگرنە بەر.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا دادگای فیدراڵی جەختیکردووەتەوە، مەبەست لە کارەکانی دادگای فیدراڵی جێبەجێکردنی راستی و دروستی دەستورە، بەشێوەیەک، کە یەکێتی عێراق و سیستمە پەرلەمانییە دیموکراسییەکەی بپارێزێت، کە لەسەر بنەمای دەستاودەستکردنی دەسەڵاتەکان و دابەشکردنی دادپەروەرانەی سامانەکان بنیاتنراوە.

دادگای فیدراڵی بە پێویستیشی زانیووە، دەسەڵاتە خۆجێیەکانی هەرێمەکان یان پارێزگاکان رێکنەخراو لە هەرێم، تایبەتمەندییە هاوبەشەکانی نێوان دەسەڵات فیدراڵیەکان و خۆجێییەکان لەبەرچاو بگرێت، چونکە مومارەسەکردنی دەسەڵاتە فیدراڵییەکان لەلایەن دەسەڵاتە خۆجێیەکانەوە، زیان بە سەروەریی وڵات و یەکپارچەیی دەگەیەنێت.