لەیلا زانا: بە جەستەى خۆمان نەورۆز رووناک دەکەینەوە

لەیلا زانا، سیاسەتمەدارى کورد. فۆتۆ: کەناڵ8

لە ئاهەنگى گەورەى نەورۆز لە دیاربەکر، لەیلا زانا، سیاسەتمەدارى کورد جارێکى دیکە داواى دەستپێکردنەوەى پرۆسەى ئاشتى کرد، بەپێویستیشى زانى هەموان لە هەڵبژاردنە خۆجێییەکاندا بەشداریى بکەن.

لە دیاربەکرى باکوورى کوردستان، گەورەترین ئاهەنگى نەورۆز بەڕێوەچوو، گوتارى سەرەکى ئاهەنگەکە لەلایەن لەیلا زانا، سیاسەتمەدارى کورد پێشکەشکرا و تیایدا پیرۆزبایى جەژنى نەورۆزى لە تەواوى گەلى کورد وگەلانى دیکەى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست کردو گوتى، "بەجەستەى خۆمان نەورۆز رووناک دەکەینەوە و کەس ناتوانێت ئیرادەى ئێمە بۆ بەرژەوەندى خۆى بەکاربهێنێت".

گوتیشى، "ئێمە گەلێکنین تەنیا بۆ خۆمان بژین، 40 ساڵە کاردەکەم و پرسیار لەبارەى گەلى کوردەوە دەکەم، بەڵام هیچ وەڵامێکم وەرنەگرت".

لەیلا زانا پرۆسەى ئاشتى لەساڵى 1993 وەبیرهێنایەوە و گوتى، "لە ساڵى 1993ەوە، عەبدوڵا ئۆجەلان داواى ئاشتیکرد، ئێمە دەمانەوێت هەموان ئازادبن و داوادەکەین جارێکى دیکە رێبازى ئاشتى بەردەوامبێت".

ئەو سیاسەتمەدارە لەدرێژەى گوتارەکەیدا ئاشتى بە بەرەکەت ناوبردو گوتى، "ئاشتى ویست و ئارەزووى ئێمەیە" و داوایکرد، هەمووان هیوابخوازن لەدواى هەڵبژاردنە خۆجێیەکانى تورکیا رێگاى ئاشتى و ئازادى بگیرێتەبەر و داواى لە ئامادەبووان کرد بەشداریى لە هەڵبژاردنەکە بکەن و دەنگ بە ئاکپارتى و جەهەپە نەدەن.

نەورۆزی ئەمساڵ هاوکاتە لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنە خۆجێیەکان لە باکووری کوردستان و تورکیا، کە بڕیارە لە رۆژى 31ـی ئەم مانگە ئەنجامبدرێت.