داعشی خۆراسان کێیە کە هێرشەکەی رووسیای ئەنجامداوە؟

داعش... خۆى رێکخراوێک و 31 رێکخراوى دیکەى بەدەورەوەیە و بەیعەتیان پێداوە، بە فەرمان و نوێنەرایەتى ئەو هێرش و پەلامارە چەکدارییەکان لە بەشێک لە وڵاتانى جیهان دەکەن.

داعشى خۆراسان، یاخود ویلایەتى خۆراسان، ئەو گروپەى بە راگەیاندنی بەرپرسیارێتی هێرشەکەی هۆڵی ئاهەنگەکانی موزیک لە دەوروبەری مۆسکۆی پایتەختی رووسیا، گومانەکانی رەواندەوە و بوو بە ناوێکى ترسناک لاى رووسییەکان.

راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان لە زاری لێپرسراوێکی ئەمریکاوە، کە ناوی خۆی ئاشکرا نەکردووە بڵاویانکردەوە، واشنتن زانیاریی دڵنیاکەرەوەی هەبووە، کە داعشی خۆراسان بەرپرسە لە هێرشەکە.

رێکخراوی داعشی خۆراسان، یەکێکە لە لقەکانی رێکخراوی داعش و لە ئایدۆلۆجیا و تاکتیکی هێرش و شەڕەکانیان هەمان رێچکەی داعشی عێراق و سووریایان هەیە، ناوەکەشی لەوە وەرگیراوە، کە زۆربەی ئەندامەکانی هاوڵاتیی ناوچەکانی دەوربەری ئەفغانستان، پاکستان و ئاسیاى ناوەڕاست و دەوربەرین.

داعشی خۆراسان، لە ساڵی 2015 لەسەر دەستی گرووپە ناڕازییەکانی ناو بزووتنەوەی تاڵیبانی ئەفغانستان دامەزراوە، لە ئێستادا ژمارەی چەکدارەکانی بە دوو هەزار کەس مەزەندە دەکرێت.

پێشتر و لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا، بەرپرسیارێتیی خۆی لە هێرشەکەی ئاهەنگی ماتەمینی ساڵیادی کوشتنی قاسم سولەیمانی لە شاری کرمانی ئێران، کە بووە هۆی کوژرانی 84 کەس، راگەیاند.

بەڵام لە ئێستادا پرسیاری هەرە بەرچاو ئەوەیە، کە ئایا بۆچی ئەم رێکخراوە رووسیا دەکاتە ئامانج.

کۆلین بی کلارک، شیکەرەوەی سیاسی لە گرووپی (سۆفان) بۆ شیکردنەوەی بەرپەرچدانەوەی تیرۆر، کە بارەگاکەی لە نیویۆرکە رایدەگەیەنێت، دوو ساڵە داعشی خۆراسان چالاکییەکانی لە رووسیادا چڕکردووەتەوە، چونکە زۆر دژی دەستوەردانەکانی مۆسکۆیە لە کاروباری ناوخۆی ئەفغانستان و چیچان و سووریا.

ئاماژە بەوەشدەکات، یەکێک لە هۆکارە هەرە سەرەکییەکانی هێرشەکەی مۆسکۆ، دەستوەردانەکانی رووسیا و خودی ڤیلادیمێر پوتنە، لە کێشە و کاروبارەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە دیاریکراویش سووریا.

ئەو شیکەرەوەیە ئاماژە بەوەشدەکات، ئەو کەسانەی دەچنە ریزەکانی داعشی خۆراسانەوە، بەزۆری هاوڵاتیی ئاسیای ناوەڕاستن، کە هەر لە بنەڕەتەوە پێیانوایە رووسیا زوڵمی گەورەی لێکردوون، ئەوەش پاڵنەرە بۆ ئەوەی لەناو خاکی رووسیا چالاکی چەکداریی ئەنجامبدەن.

لەدوای تەقینەوەکانیش رووسیا رایگەیاند، چوار کەسیان لە سنوورەکانی ئۆکرانیا دەستگیرکردووە، کە پەیوەندیی راستەوخۆیان بە هێرشەکەی مۆسکۆوە هەیە، جگە لەوەش 11 کەسی دیکەیان بە تۆمەتی تێوەگلان لە هێرشەکە دەستگیرکردووە.

شەوى هەینى، ژمارەیەک چەکدار هێرشیانکردە سەر هۆڵێکى ئاهەنگگێڕان بەناوی (کرۆکۆس) لە دەوروبەرى مۆسکۆى پایتەختى رووسیا، بەهۆیەوە 133 کەس کوژران و نزیکەی 100 کەسی دیکەش برینداربوون، هێرشەکەش کاردانەوەى زۆرى جیهانیى بەدواى خۆیداهێنا.

پاش هێرشەکە رێکخراوى دەوڵەتی ئیسلامی لەعێراق و شام، ناسراو بە داعش، بەرپرسیارێتى خۆى راگەیاند و ئاماژەى بەوەدا، لەلایەن ئەندامەکانى ئەوانەوە ئەنجامدراوە.