سعودیە باخچەیەکی گەورەی Dragon Ball دروستدەکات

شانشینی سعودیە، سەرقاڵی دروستکردنی باخچەیەکی تایبەت بە ئانیمەیشنی بەناوبانگی ژاپۆنی "Dragon Ball"ـە، کە تیایدا چەندین پەیکەر و یاریی و باڵەخانەی تایبەت بەم ئانمیشەینە دروستدەکرێت.

لەچوارچێوەی راکێشانی سەرنجی زیاتری گەشتیاران و برەودان بە کەرتی گەشتیاری و سەرچاوەی داهاتی دوور لە نەوت، سەرانی شانشینی سعودیە، سەرقاڵی داڕشتنەوەی پلانێکی درێژخایەنن، کە لە چوارچێوەی ئەم پلانەدا، باخچەیەکی تایبەت بە ئانمیشەینی دراگۆن بۆڵ دروستدەکەنەوە و تیادا دیارترین کەسایەتیی و تایبەتمەندییەکانی ئەم ئانیمەیشنە زیندوو دەکەنەوە.

لە ناوەندی ئەم باخچەیەدا، پەیکەرێکی گەورە، بە بەرزیی 70 مەتر دروستدەکرێت، کە گوزارشتە لە ئەژدیهایەکی رەنگ سەوز و ناوەندی باخچەکە دەگرێتەوە، هاوتای دروستکردنی 30 یاریی تایبەتی وەکو خلیسکێنەی ئاو و چەرخ و فەلەک.

بەگوێرەی زانیارییەکان، لە ئاستی جیهاندا، کردنەوەی ئەم باخچەیە دەگمەن و ناوازە دەبێت و یەکەم باخچەیە کە سەرنجی خستووەتە سەر سوود وەرگرتن لە ناوەڕۆک و بابەتی ئانیمەیشن.

کۆمپانیای قیدییەی تایبەت بە بواری وەبەرهێنان و گەشتیاری، ئاماژە بەوە دەدات، ئەم باخچەیە بە رووبەری زیاتر لە نیو ملیۆن مەتر چوارگۆشە دروستدەکرێت و لەلایەن حکومەتی سعودیەوە بودجەکەی بۆ تەرخاندەکرێت، ئەنجامدانی ئەم پرۆژەیە، لە چوارچێوەی هاوبەشییەکی گەورەی وڵاتەکەیە لەگەڵ بەرهەمهێنەری دراگۆن بۆڵ.

راگەیاندنی دروستکردنی ئەم باخچەیە پاش چەند هەفتەیەک دێت بەسەر مردنی باوک و دروستکەری ئانیمەیشنی دراگۆن بۆڵ، ئاکیرا تۆرییاما، کە بۆ هەوادارانی ئانیمەیشن، یەکێکە لە ئەفسانەکان و لە مێژووی دروستکردنی ئەم میدیەمە وێنەییەدا، کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر بەرهەمەکانی دوای خۆی دروستکردووە.

زنجیرەی کۆمیکی دراگۆن بۆڵ، ساڵی 1984، بۆ یەکەمین جار دروستکراوە، لە ئاستی ناوەڕۆکدا، گێڕانەوەی چیرۆکی پاڵەوانێکی خاوەن توانای سەروو سروشتییە بەناوی سۆن گۆکو، کە ئەرکی کۆکردنەوەی چەند تۆپێکی ئەفسانەیی تایبەت بە ئەژدیهای پێدەسپێردرێت کە دەتوانن توانای سەروو سروشتیی پێببەخشن.