ئارى هەرسین: بەڵگەمان هەیە تیمێکى پرۆفیشناڵ دیزاینى پێشوەختەیان بۆ هەڵبژاردن کردووە

ئارى هەرسین، بەرپرسى لقى 4ـى پارتى دیموکراتى کوردستان. فۆتۆ: کەناڵ8

بەرپرسى لقى 4ـى پارتى دیموکراتى کوردستان دەڵێت، "بەڵگەیان هەیە تیمێکى پرۆفیشناڵ دیزاینى پێشوەختەیان بۆ هەڵبژاردنى داهاتوو کردووە", گوتیشى ئەگەر تێبینییەکانیان بەهەند وەرنەگیردرێت هەڵبژاردن 10 ساڵیش دوابخرێت سوودى نییە.

ئارى هەرسین، بەرپرسى لقى 4ـى پارتى دیموکراتى کوردستان لە بەرنامەى تارگێت کە لە شاشەى کەناڵ8 پێشکەشدەکرێت گوتى، هیچ گۆڕانکارییەک بەسەر هەڵوێستى ئەواندا نەهاتووە و بەشداریى لە هەڵبژاردن ناکەن، ئەو تێبینییانەى ئەوان هەیانە بە دواخستنى هەڵبژاردن چارەسەر نابێت و لەوانەیە دواخستنى تەنیا کات بردنەوە بێت بۆ هەندێک لایەن، ئەگەر تێبینییەکانى ئەوان بە هەند وەرنەگیردرێت 10 ساڵیش هەڵبژاردن دوابخرێت سوودى نییە.

ئاماژەى بەوەشکرد، پێویستە تێبینییەکان بەهەند وەربگیردرێن و کاریان لەسەر بکرێت، هەروەها لە سەنگى پارتى لە مەیدانەکەدا تێبگەن.

لەبارەى تێبینییەکانى پارتى گوتى، لاى ئەوان دادگاى فیدراڵى، نە فیدراڵییە و نە دەستورییە و بڕیارەکانى لە لایەنى دەرەکییەوە دەستوەردانى تێداکراوە، تێبینییەکانى ئەوان ئەوەیە زوڵم لە کەمینەکان کراوە، خواستنى ئەوان بۆ یەک بازنەیى لەبەرچاو نەگیراوە و سیناریۆیەک بەڕێوەیە کە لەوەو پێش ئەنجامى هەڵبژاردن دیزاین کراوە، هەڵبژاردن کاتێک پێى دەگوترێت هەڵبژاردن کە بێ ساختەکاریى بێت.

بەرپرسى لقى 4ـى پارتى ئەوەشى ئاشکراکرد، بەڵگەیان لایە پێشتر ئەنجامى هەڵبژاردن دیاریکراوە، زەحمەت نییە خەڵکى کوردستان باوەڕ بەوەبکەن چونکە ئێرە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستە و شتێک نییە ساختەکاریى تێدا نەکرێت.

لەبارەى ئەوەى دەگوترا پێش دەستپێکردنى هەڵبژاردن پارتى 11 بە سفر لە پێشەوەیە باسى لەوەکرد، "ئێستا 11 بە سفرە بووەتە 27 و 28 بە سفر و لەبەر ئەوەى پێشتر حسابى ئەوە کراوە لایەنە سیاسیەکان هەریەکەى چەند کورسى بێنێت و بەدڵى خۆیان دابەشیانکردووە، ئەگەر پێشتریش ساختەکاریى کرابێت بەشێوەیەکى زۆر سەرەتایى بووە بەڵام لە هەڵبژاردنى داهاتوو بە پرۆفیشناڵانە دەکرێت، بەڵگەیان هەیە و هەرکات پێویست بکات دەیخەنە بەردەم کۆمیسیۆن".

جەختى لەوەشکردەوە، "نە توڕەین نە رەنجاوین، تێبینییەکانمان روونن و بایکۆتى هەڵبژاردمان نەکردووە و حەزمان لە هەڵبژاردنە، لە ماوەى دوو ساڵى رابردوودا هەموو هەوڵێکمان داوە هەڵبژاردن لەکاتى خۆى بکرێت بەڵام هەندێک لایەن هەوڵى دواخستنیان داوە، ئەى ئێستا بۆچى ئەو لایەنانە پێیان خۆشە هەڵبژاردن بکرێت؟".

گوتیشى، "لەبەر ئەوەى بە قازانجى خۆیان تەواو دەبێت و تیمێکى پرۆفیشناڵ پێشوەختە دیزاینیان بۆ ئەنجامى هەڵبژاردن کردووە و زەحمەتیان کێشاوە".