ئێران گەشت لەو خانمانە قەدەغە دەكات کە پابەندی حیجاب نابن

دوو خانمی ئێرانی لە شەقامێكی تاراندا رێدەكەن. فۆتۆ: AP

ئەندامێکی لیژنەی تایبەت بە پێداچوونەوە بە پڕۆژەیاسای "پاکیزەیی و حیجاب" لە ئێران رایگەیاند، بەگوێرەی پڕۆژەیاسایەكی نوێ، قەدەغەی گەشتکردن بۆ دەرەوەی وڵات بۆ سەرجەم ئەو کەسانە دەردەچێت کە پابەندی حیجاب نابن.

مەهدی باقری، ئەندامی لیژنەی تایبەت بە پێداچوونەوە بە پڕۆژەیاسای "پاکیزەیى و حیجاب" یاخود عەفاف و حیجاب، لە ئێران رایگەیاند، ئەو کەسەی رێز لە یاسا نەگرێت و یاسا قبوڵ نەکات و بە جۆرێک لە جۆرەکان پشتگوێیبخات، ئەوا ناتوانێت هیچ خزمەتگوزارییەکیش بەکاربهێنێت.

گوتیشی، لە پرۆژەیاسا نوێیەکەدا ئەگەر فەرمانبەرانی حکومەتیش پابەندی حیجاب نەبن، ئەوا یاسا نوێیەکە رێگە بە دادوەر دەدات سزای وەکو لێسەندنەوەی بەرپرسیارێتی، پلەبەرزنەکردنەوە، تەنانەت دەرکردنیش بە شێوەیەکی کاتی یاخود هەمیشەیی بۆ ئەو کەسانە دەربکات.

هەر بەگوێرەی پڕۆژەیاسا نوێیەکە، سیستمی دادوەریی دەتوانێت سزای زیندانی بۆ ئەو ژنانە دەربکات کە بەرەنگاری حیجابی زۆرەملێ دەوەستنەوە، دادوەر دەتوانێت لە هەمانکاتدا بە پێبژاردن سزایان بدات.

ئەو ئەندامەی لیژنەی تایبەت بە پێداچوونەوە بە پڕۆژەیاسای پاکیزەیی و حیجاب ئاماژەی بەوەشکرد، هەفتەی داهاتوو پڕۆژەیاسای "پاکیزەی و حیجاب" بۆ پێداچوونەوە پێشکەش بە ئەنجوومەنی پاراستنى دەستوور دەکرێت.

لە چەند رۆژی رابردوودا بەرپرسانی باڵای حکومەتی ئێران چەندینجار جەختیان لە سیاسەتی سەپاندنی حیجاب بەسەر ژناندا کردووەتەوە، عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێرانیش، حیجابی بە حوکمێکی  شەریعەت ناوبرد و گوتی، "هەندێک کەس پلانیان داناوە حیجاب بکەنە پرسێک لە وڵاتەکەماندا".

ئاماژەی بەوەشكرد، "دوژمن هەندێک کەسی بەکرێ گرتووە بۆ شکاندنی نۆرمەکان و شکاندنی پیرۆزی حیجاب، تەنانەت ئەو ژنانەی باوەڕیان بە شەریعەت نییە، دەبێت حیجابی زۆرەملێ رەچاو بکەن".