تیمێکی پزیشکی سەردانی شاری سلێمانیی کرد

دەڤەر نەجمەدین، لێپرسراوێکی بەرنامەی تەندروستیی رێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان

بە مەبەستی چارەسەرکردنی ئەو منداڵانەی نەخۆشییەکانی دڵیان هەیە تیمێکی پزیشکی لە شاری کەربەلاوە سەردانی شاری سلێمانیی کرد

رۆژی شەممە، 13ی نیسانی 2024، لە دەستپێشخەرییەکی رێکخراوی منداڵپارێزی کوردستاندا بە هاوکاری نەخۆشخانەی ئەنوەرشێخە و گروپی کۆمپانیاکانی قەیوان، تیمێکی پزیشکی لە نەخۆشخانەی کەفیل لە شاری کەربەلاوە، سەردانی شاری سلێمانییان کرد بە مەبەستی چارەسەرکردنی ئەو منداڵانەی نەخۆشییەکانی دڵیان هەیە.

دەڤەر نەجمەدین، لێپرسراوێکی بەرنامەی تەندروستیی منداڵپارێز بە کەناڵ8ی راگەیاند " ئەم تیمە جگە لەوەی چەندین نەشتەرگەری و قەستەرە بۆ منداڵان دەکەن، راهێنان بە پزیشکان و کارمەندانی تەندروستیی شاری سلێمانیش دەکەن بۆئەوەی لە داهاتوودا سلێمانی پێویستی بە هیچ تیمێکی دەرەوەی شارەکە نەبێت لە چارەسەرکردنی ئەم نەخۆشییانەدا"

سەبارەت بە شێوازی هەڵبژاردنی منداڵەکان لێپرسراوەکە گوتیشی " تیمێکی مەیدانی بەرنامەی تەندروستیی رێکخراوی منداڵپارێز سەردانی ماڵی منداڵەکان دەکەن و هەڵسەنگاندن بۆ باری گوزەران و دۆخی دارایی ماڵەکە دەکەن، ئەگەر دۆخی گوزەرانی ماڵەکە مەرجەکانی رێکخراوەکەی تێدابێت، ئەوا ناوی منداڵەکەیان تۆماردەکرێت و دەچێتە لیستەکەوە، بە گوێرەی خاڵبەندییەکە دیاریدەکرێت تا چ رادەیەک یارمەتیی خێزانەکە دەدرێت، خێزانەکە بەلایەنی زۆرەوە تەنیا 25%ی خەرجییەکانی لەسەر دەبێت و ئەوی دیکە لە ئەستۆی رێکخراوی منداڵپارێز، نەخۆشخانەی ئەنوەرشێخە و گروپی کۆمپانیاکانی قەیوان دەبێت"

د. ئاسۆ فایەق, پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دڵی منداڵانیش سەبارەت بە بابەتەکە بە کەناڵ8ی گوت " ئەمە یەکەمجار نییە کە تیم دەهێنین بۆ چارەسەری ئەو منداڵانەی نەخۆشیی زگماکیی دڵیان هەیە، پێشتر تیمی دیکە هاتوون و لە ماوەی ساڵێکدا بە هاوکاری نەخۆشخانەی کەفیل لە کەربەلا لەگەڵ تیمی نەخۆشخانەی ئیبن بیتار لە بەغداد قەستەرەمان بۆ 143 منداڵ کردووە، لەم هەڵمەتانەدا زۆرترین ژمارەی تووشبووانی کونی بەشی خوارەوەی دڵمان چارەسەرکردووە لە هەموو عێراقدا؛ لە هەڵمەتی ئەم جارەدا وا بڕیارە نەشتەرگەری بۆ 10 منداڵ و قەستەرە بۆ 25-30 منداڵ بکەین"