سەرۆکى  پەرلەمانى عێراق بە وەکالەت: پیرۆزبایى هێرشەکەى ئێران بۆ سەر ئیسرائیل دەکەین

موحسین مەندەلاوى، سەرۆکى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق بە وەکالەت. فۆتۆ: پەڕى پەرلەمانى عێراق لە فەیسبووک

سەرۆکى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق بە وەکالەت پێیوایە، هێرشەکەى ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، مافێکى سرووشتى و شەرعى خۆیەتى، داواش لە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى دەکات رێگە لە کارەکانى ئیسرائیل بگرن.

موحسین مەندەلاوى، سەرۆکى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق بە وەکالەت لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەى بەوەکردووە, وەڵامى کۆمارى ئیسلامیى ئێران بۆ بەئامانجگرتنى کونسوڵخانەکەى لە دیمەشقى پایتەختى سووریا، مافێکى سرووشتى و شەرعییە، ئەوەش بەگوێرەى یاسا نێودەوڵەتییەکان.

ئاماژەى بەوەشکردووە، ئیسرائیل بەڵێننامەکان پێشێل دەکات و زیادەڕۆیى دەکات، هاوکات بە پێشێلکردنى ئاشکراى سەروەریى چەندین دەوڵەتى ناوچەکە سنوورى بەزاندووە، تەنانەت کار گەیشتە ئەوەى دەستدرێژیى بکاتەسەر نێردە دپلۆماسییەکان، بۆیە پێویستبوو سنوورى بۆ دابنرێت و وەڵام بدرێتەوە بۆ ئەوەى لەوەزیاتر سنوور نەبەزێنێت.

گوتوشیەتى، "لەکاتێکدا پیرۆزبایى ئەو کارەى ئێران لەقوڵایى خاکى فەڵەستینى داگیرکراو دەکەین و پیایدا هەڵدەدەین، کە وەڵامى بەئامانجگرتنى کونسوڵخانەکەى بوو لە دیمەشق، جەخت لە مافى گەلانى عەرەبى و ئیسلامى دەکەینەوە بۆ بەرگرییکردن لەخۆیان و بەرژەوەندییەکانیان.

داواش لە گەلانى عەرەبى و ئیسلامى دەکات، "بەردەوامبن لە پاڵپشتییەکانیان بۆ هێزەکانى بەرگریى و گەلى فەڵەستین و مافى چارەى خۆنووسینیان، بۆ دامەزراندنى دەوڵەتى فەڵەستین کە پایتەختەکەى قودس بێت".

هاوکات، سەرۆکى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق بە وەکالەت، داواش لە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى دەکات، "کارە بەربەرییەکانى ئیسرائیل بوەستێنن و ناچاری بکەن رێزى یاساکان بگرێت، ئەوەش بۆ رێگەگرتن لە جەنگێکى گەورە".