رۆژنامەیەکی ئەمریکی کاتی هێرشی ئیسرائیل بۆسەر ئێران ئاشکرادەکات

سوپای ئێران و هاوتا ئیسرائیلییەکەی فۆتۆ: ئاژانسەکان

رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆڕناڵ لە راپۆرتێکی شیکاریدا پێشبینی وەڵامدانەوەی ئیسرائیل بۆ هێرشەکەی ئێران خستووەتەڕوو و رایگەیاندووە کە ئیسرائیل دواناکەوێت لە وەڵامدانەوە و پێدەچێت ئەمڕۆ دووشەممە هێرشی پێچەوانە لە لایەن ئیسرائیلەوە دەستپێبکات.

 بە گوێرەی راپۆرتی رۆژنامە ئەمریکیەکە، لە کۆبوونەوەی رۆژی یەکشەممەی ئەنجوومەنی جەنگی ئیسرائیلدا لە تەلئەڤیڤ، لێکدانەوە بۆ بژاردەکانی بەردەم وەڵامدانەوەی ئیسرائیل کراوە بەرامبەر بە هێرشەکەی ئێران، کە بە یەکەم هێرشی راستەوخۆی ئێران دادەنرێت بۆ ناو خاکی ئیسرائیل.

بە گوێرەی راپۆرتەکەی وۆڵ ستریت جۆڕناڵ، ئیسرائیل لە دووڕیانێکدایە، کە ئەگەر وەڵامی بەهێزی هێرشەکەی ئێران بداتەوە لەناو خاکی ئێراندا، رەنگە ئەمە تۆڵەی ئێرانی بەدوادابێت و سەربکێشێت بۆ شەڕێکی وێرانکەر، ئەگەریش وەڵام نەداتەوە، ئەوە دەبێتە هۆی ئەوەی ئیسرائیل رەبەڕووی هێرشی زیاتر بێتەوە لە لایەن ئێرانەوە.

رۆژنامەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، کە تەلئەڤیڤ تەنها چاوەڕوانی رەزامەندی واشنتن بووە، بۆ ئەوەی دوودڵ نەبێت لە وەڵامدانەوە.

لە راپۆرتەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، کە هەڵوێستی واشنتۆن گرنگترین هۆکارە بۆ هەنگاوەکانی داهاتووی ئیسرائیل و ئەگەری وەڵامدانەوەی سەربازی ئیسرائیل پێدەچێت بە هێرشکردنە سەر ئامانجە سەربازییەکان بێت، لە ناوخۆی ئێراندا.

شەوی شەممەی رابردوو، سوپای پاسدارانی ئێران بە زیاتر لە 300 درۆن و موشەک هیرشێکی راستەوخۆی بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجامدا، بەڵام زۆربەی موشەک و درۆنەکان بەر لە گەشتنیان بە ئامانجەکانیان تێکشکێنران.