سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆبوونەوە

سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزیری دەرەوەی ئەمریکا فۆتۆ: FLICKER

لە درێژەی سەردانەکەیدا بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆبووەوە.

دیلان غەفوور، پەرلەمانتارای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، کە ئەندامى شاندەکەى عێراقە، بە کەناڵ8ی راگەیاند "زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانى باڵاى ئەمریکا ئەنجامدەدەن".

سەرۆکوەزیرانی عێراق لەئێستادا لە کۆشکی سپی، لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەکۆبوونەوەدایە، پێش کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەکەی لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا.

دیلان غەفوور، ئەندامى شاندی عێراق راشیگەیاند "پەیوەندییە سیاسیى و ئەمنیى و ئابوورییەکانى نێوان هەردوولا تاوتوێدەکرێن

بڕیار وایە ئێوارەی رۆژی دووشەممە 15ی نیسان، محەمەد شیاع سودانى لەگەڵ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە.

رۆژی 24ی مانگی رابردوو، باسم عەوادی بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، تەوەری سەرەكی سەردانەكەی سەرۆكوەزیران بۆ واشنتن، گفتوگۆكردنە لەسەر ئاسۆی پەیوەندییەكانی داهاتووی پاش هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، پاشان گواستنەوە بۆ پەیوەندییە هەمەلایەنەكانی نێوان هەردوولایەن، لەوانە لایەنی ئەمنی، سەربازی و چاكسازی.

گوتەبێژەکەی حکومەتی عێراق ئاماژەی بەو رێككەوتننامەیە کرد کە لە چوارچێوەی ستراتیژی لە ساڵی 2008 واژۆكراوە بۆ كۆتاییهێنان بە ئەركی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، پاشان دۆسیەی دارایی و ئەوەی پەیوەستە بە بڕیارەكانی گەنجینەی ئەمەریكاوە، كاریگەریی بانكەكانی عێراق و ئەو قەرزانەی كە عێراق لەسەریەتی، ئەمە جگە لە دۆسیەی هەرێمی و ئەوەی پەیوەستە بە شەڕی غەززە و پەیوەندییەكانی عێراقە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ناوچەكە.

جەختیشی لەوەكردەوە، سەرۆكوەزیران دەیەوێت ئەم سەردانە ئەنجامێكی واقیعی و كاریگەر بەرهەمبهێنێت، بەجۆرێک کە كاریگەریی ئەرێنی لەسەر ناوخۆی عێراق دروستبکات و رەنگدانەوەی لەسەر لایەنی هەرێمی و پەیوەندییەكانی عێراق و ئەمریكا هەبێت.

گوتەبێژەکە دەڵێت، بڕیاربوو سەردانەكە لە كۆتایی ساڵی رابردوودا ئەنجامبدرێت، بەڵام بەهۆی شەڕی غەززەوە دواکەوت، كە بە گوتەی ئەو، "هەستی عێراقی و عەرەبەكان بەگشتی و جیهان هاوسۆزییان لەگەڵ فەڵەستینییەكاندا هەیە و لەبەر ئەمە سەردانەکە دواخراوە".

عەوادی رایگەیاند، پێشوازیکردن لە سودانی لەمکاتەدا کە هەڵبژاردنەکانی ناوخۆی ئەمریکا بەڕێوەدەچێت، بە مانای رێزگرتن دێت لە سەرۆکوەزیرانی عێراق.

سەبارەت بە دانانی خشتەی كشانەوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیش گوتی، حكومەتی عێراق 100% رژدە لەم بابەتە و سەرۆكوەزیران لەمبارەیەوە سازش ناکات.