نۆژەنکردنەوەی سەرای کفری بۆچی گرنگە؟

بە ئامادەبوونی گەورە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و هاونیشتمانییانی قەزای کفری، سەرای کۆنی قەزاکە پاش تەواوبوونی نۆژەنکردنەوەی، بەڕووی گشتییدا کرایەوە.

یەکشەممەی رابردوو، بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، کەیفی مستەفا، بەڕێوەبەری گشتی شوێنەوار و کەلەپووری گەرمیان، ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرانی یەکە ئیدارییەکانی ناوچەکە و هاونیشتمانییانی کفری، لە مەراسیمێکی تایبەتەدا، سەرای کۆنی کفری کرایەوە و تیایدا چەند چالاکییەکی جیاوازی هونەریی بەڕێوەچوون.

تێچووی نۆژەنکردنەوەی سەرای کۆنی کفری، لەلایەن جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە تەرخانکرابوو، بە گوتەی کەیفی مستەفا، "ئەمە یەکەمینجارە، کەسایەتییەک تێچووی نۆژەنکردنەوەی بینای کەلەپووریی دابین بکات"، ئاماژەی بەوەش دا؛ شوێنەوار و کەلەپوور، موڵکی گشتیین و پێناس و شووناسی گەل و نەتەوەن، زیادبوونی دەستپێشخەرییەکان بۆ نۆژەنکردنەوەی شوێنەواری زیاتر و سەرهەڵدانی وەکو نەریت، گرنگییەکی گەورەی هەیە.

سەرای کفری، لە ساڵانی رابردوودا، ناوەندی حوکمڕانیی بووە، ساڵی 1918، بە دەستی ئینگلیزەکان دروستکراوە، تاوەکو کۆتایی حەفتاکانی سەدەی رابردوو، وەکو فەرمانگەی میریی بەکارهاتووە، لە دوو نهۆم و حەوشەیەکی گەورە پێکهاتووە لەسەر رووبەری 456 مەتر دووجا، شێوەیەکی لاکێشەیی هەیە و خاوەنی دوو دەروازەیە، ماددە پێکهێنەرەکانی بەردی داتاشراو و قسڵن، یەکێکە لە گرنگترین شوێنەوارەکانی هەرێمی کوردستان.

سەرای کفری لەماوەی رابردوودا مەترسی داڕمانی لەسەر بووە، ماوەی نۆژەنکردنەوەی ئەم سەرایە دوو ساڵی خایەندووە و گرنگیی بە پاراستنی شێوازە کۆنەکەی دراوە، پاش تەواوبوونی کارەکان و کردنەوەی بەڕووی گشتییدا، وەکو ناوەندێکی گرنگی کولتووری و هونەریی، سوودی لێوەردەگیرێت، سیمایەکی گرنگی کەلەپووریی هەیە و هۆکارێک دەبێت بۆ راکێشانی سەرنجی گەشتیار.

قەزای کفری، یەکێکە لە شارە دێرینەکانی باشووری کوردستان، خاوەنی چەندین شوێنەواری کۆن و کەلەپوورییە، زۆرینەی دانیشتوانەکەی کوردن، تورکمان و عەرەبیش تیایدا دەژین، لە باشووری رۆژهەڵاتی شاری کەرکووکەوە، 122 کیلۆمەتر دوورە.