سودانی و بایدن لە کۆشکی سپی کۆبوونەوە

وێنەی کۆبوونەوەی سودانی و بایدن

پێش دەستپێکردنى کۆبوونەوەى نێوانیان، هەریەکە لە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و جۆ بایدن، سەرۆکى ئەمریکا لە کۆشکى سپى قسەیان بۆ رۆژنامەوانان کرد.

جۆ بایدن، رایگەیاند، پەیوەندیی نێوان عێراق و ئەمریکا گرنگە و پێشتر پێکەوە لەگەڵ عێراق رووبەڕووى داعش بووینەوە، سوپاسى سودانى کرد بۆ ئەوەى توانیویەتى سێکتەرى ئاسایش و ئابوورى عێراق باشتر بکات.

لەبارەى دۆخى رۆژهەڵاتى ناوەڕاستەوە، سووربوونى وڵاتەکەى لەسەر درێژنەبوونەوەى ململانێکان دووپاتکردەوە و رایگەیاند، ئەمریکا پابەندە بە پاراستنى ئاسایشى ئیسرائیل، لەگەڵئەوەشدا پشتیوانى واشنتنی بۆ گەیشتن بە ئاگربەست لە غەززە راگەیاند.

محەمەد شیاع سودانى، رایگەیاند، سەردانەکەى لەکاتێکى هەستیاردایە و گوتى: "سەردانەکەمان بۆ واشنتن گرنگیى خۆى هەیە لە مێژووی پەیوەندییەکانى نێوان هەردوو وڵات".

سووربوونى حکومەتەکەشى بۆ جێبەجێکردنى رێککەوتنى چوارچێوەى ستراتیجى نێوانیان دووپاتکردەوە.

بەگوێرەی ئەجێندای سەردانی سودانی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بڕیارە سودانی و بایدن، گفتوگۆ دەربارەی رێککەوتنی ستراتیجیی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و عێراق بکەن، هاوکات هاوبەشیی ئەمریکا و عێراق لەسەرجەم بوارەکان کە جێی بایەخی هەردوولایە.

جگە لەوەش بابەتی سەروەریی عێراق و گەشەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و وڵاتانی دراوسێ، تەوەرێکی دیکەی دیدارەکانی نێوان سەرۆکوەزیرانی عێراق و جۆ بایدن دەبێت.

سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی  پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەک نوێنەری هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا بەشدار دەبێت.

رۆژی 13ی ئەم مانگە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بەسەرۆکایەتی شاندێکی باڵای عێراق، کە نوێنەری هەرێمی کوردستانیشی تێدایە، گەیشتە واشنتن.