حکومەتی تورکیا ئۆپراسیۆنی سوپاکەی و سەردانی ئەردۆغان بۆ عێراق تاوتوێدەکات

کۆبوونەوەیەکی حکومەتی تورکیا

کابینەی حکومەتی تورکیا کۆدەبێتەوە و باس لە فراوانکردنی ئۆپراسیۆنەکان لە هەرێمی کوردستان و سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ عێراق دەکرێت.

بەگوێرەی هەواڵێکی میدیای فەرمی تورکیا، رۆژی سێشەممە بە سەرۆکایەتیی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، کابینەی حکومەت کۆدەبێتەوە و چەند تەوەرێک گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت.

لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان دەکرێت کە بڕیارە لە 22ی ئەم مانگە ئەنجامبدرێت.

تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە گفتوگۆکردنە لەبارەی ئۆپراسیۆنەکانی سوپای تورکیا لە هەرێمی کوردستان، بەتایبەت فراوانکردنی ئۆپراسیۆنەکان دژی پارتی کرێکارانی کوردستان لە هاوینی ئەمساڵ و لە کۆبوونەوەکەدا هەڵسەنگاندنی بۆدەکرێت.

تەوەری سێیەمی کۆبوونەوەکە باسکردنە لە گرژیی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل و هەڵسەنگاندن بۆ رۆڵی دیپلۆماسیی تورکیا لە کەمکردنەوەی گرژییەکان دەکرێت.

دواین تەوەری کۆبوونەوەکەش هەڵسەنگاندنی "پلانی ئابووری مامناوەند" و 12هەمین پلانی گەشيپێدان دەکرێت کە ئامانج لێی کەمکردنەوەی رێژەی هەڵاوسانە بە شێوەیەکی بەردەوام.

مانگی شوباتی ئەمساڵ، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، پلانی هەیە پاش هەڵبژاردنە خۆجێییەکانی 31ی ئازاری ئەمساڵ، سەردانی عێراق بکات.

رۆژنامەوان پرسییان "بەڕێزم، لە عێراقەوە بانگهێشتێکی زۆر کراوی بۆ سەردانی ئەو وڵاتە، لە دوای هەڵبژاردنەکان لە پلانتاندا هەیە سەردانەکە بکەن؟

ئەردۆغان لەوەڵامدا گوتی: "دوای هەڵبژاردن".

بڕیاربوو ساڵی رابردوو، ئەردۆغان سەردانی عێراق بکات، بەڵام سەردانەکە چەند جارێک دواکەوت و ئەمەش یەکەمجارە سەرۆککۆماری تورکیا بەڕوونی کاتی سەردانەکەی بۆ عێراق ئاشکرا بکات.

لەماوەی 70 ساڵی رابردوودا چەند سەرۆککۆمارێکی تورکیا سەردانی عێراقیان کردووە.

رۆژی 13ی شوباتی 1955 جەلال بایار، سەرۆککۆماری تورکیا بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی بابەتە ئەمنییەکانی هەردوو وڵات، سەردانی بەغدادی کرد.

13ساڵ دواتر و لە 27ی نیسانی 1968 جەودەت سونای لەسەر بانگهێشتی عەبدولڕەحمان عارف، سەرۆککۆماری ئەوکاتی عێراق، سەردانی عێراقی کرد و یەکێک لە تەوەرکانی سەردانەکەش گەشەپێدانی رێگای نێوان هەردوو وڵات بوو لە خاکی کوردستانەوە.

رۆژی 26ی نیسانی 1975 لەسەر بانگهێشتی ئەحمەد حەسەن بەکر، سەرۆککۆماری عێراق لەو سەردەمەدا، فەخری کۆروتورک سەردانی بەغدادی کرد و پاشانیش سەردانی بەسرە، کەرکوک و موسڵی کرد.

پاش ئەوە و لەسەردەمی دەسەڵاتی سەدام حسێن، سەرۆکی پێشووتری عێراق، هیچ سەرۆککۆمارێکی تورکیا سەردانی عێراقی نەکرد.

لە 23ی نیسانی 2009، لەسەر بانگهێشتی جەلال تاڵەبانی، سەرۆککۆماری پێشووتری عێراق، عەبدوڵا گول، سەرۆککۆماری پێشووی تورکیا سەردانی بەغدادی کرد و بەهۆی ناسەقامگیریی ئەمنییەوە سەردانی هیچ شارێکی دیکەی نەکرد.

لە پاش 14 ساڵ و بۆ یەکەمجار، رەجەب تەیب ئەردۆغان، وەک سەرۆککۆماری تورکیا سەردانی عێراق دەکات.

ئەردۆغان، پێشتر و لە 10ی تەمموزی 2008 وەک سەرۆکوەزیران سەردانی بەغدادی کرد.

ساڵیک دواتر و لە 15ی تشرینی یەکەمی 2009 ئەردۆغان جارێکی دیکە سەردانی بەغدادی کرد.

رۆژانی 28-29ی ئازاری 2011 ئەردۆغان سەردانی بەغدادی کردەوە و پاشانیش سەردانی هەولێری کرد و لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.