وەزیری بەرگریی ئەمریکا: عێراق داوای سیستمی بەرگریی ئاسمانی لێکردووین

سیستمى بەرگریى ئاسمانى جۆرى باجەر، فۆتۆ: Raytheon

وەزیری بەرگریی ئەمریکا ئاشکرایکرد، وەزیرى بەرگریى عێراق داواى نرخ و بەردەستبوونى سیستمى بەرگریى ئاسمانى کردووە.

لوید جەی ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا، لەکاتی پێشوازيکردن لە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە پنتاگۆن رایگەیاند، "ئەمساڵ 10 ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر پێکهێنانی هاوپەيمانیی نێودەوڵەتی بۆ لەناوبردنی داعش، لەساڵی 2019 بەهۆی بوێری و قوربانیدانی هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هاوبەشەکانمان پێکەوە، شکستمان بە داعش هێنا، بەڵام ئەو رێکخراوە وەکو هەڕەشەیەک ماوەتەوە بۆ سەر هاوڵاتییانی ئێوە و ئێمەش".

گوتيشی، "ئەمریکا هاوڕایە لەسەر پێویستیی گواستنەوە بۆ قۆناغی پەیوەندییەکی ئەمنی دوولایەنەی بەردەوامی نێوان ئەمریکا و عێراق".

ئۆستن باسی لەوەشکرد، لە چوارچێوەی ئەم گواستنەوەیەدا لە یەکەمین دیالۆگی هاوبەشی ئاسایشی ئەمریکا و عێراق لە مانگی ئابی ساڵی رابردوو لە واشنتن، رێککەوتنێک کرا بۆ لیژنەی باڵای هەماهەنگیی نێوان بەغداد و واشنتن.

روونیشیکردووەتەوە، لەو کۆمیسیۆنەدا سەرکردە سەربازییەکان هەڵسەنگاندنی هاوبەش دەکەن لەبارەی گفتوگۆکانيان لەسەر قۆناغی داهاتوو.

وەزيری بەرگری ئەمريکا لە درێژەی قسەکانيدا گوتی، "گفتوگۆکانمان لەگەڵ هاوبەشەکانماندا، رەنگدانەوەی پابەندبوونی قووڵی ئەمریکایە بە سەقامگیری ناوچەکە و سەروەری عێراق، ئەوە نیشاندەدەن کە پەیوەندییەکانی ئەمریکا و عێراق چۆن پەرەدەستێنن".

ئاماژەی بەوەشکرد، رۆژی شەممە وەزیری بەرگریی عێراق نامەيەکی داواکاری پێشکەش بە ئەمريکا کردووە سەبارەت بە دياريکردنی نرخ و بەردەستبوونی سیستمی بەرگریی ئاسمانی دژە درۆن لەلايەن ئەمريکاوە.

سەرۆکوەزیرانی عێراق باسى لەوەشکردووە، ئەم دیدارە ئیرادەی حکومەتی عێراق نیشاندەدات بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا.

گوتیشی، گەلی عێراق بەڕاستی هەوڵەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرز دەنرخێنێت، بۆ پاڵپشتیکردنیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش لەسەر خاکەکەی.

پێشتر جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمريکا لەگەڵ محەمەد شياع سودانی، سەرۆکوەزيرانی عێراق کۆبووەوە، بایدن بە سەرۆکوەزیرانی عێراقی گوت، هاوبەشی نێوان عێراق و ئەمریکا گرنگە، "لە ماوەی دەیەی رابردوودا بینیمان کە سەربازەکانمان شانبەشانی یەکتر خزمەتیانکردووە بۆ شکستپێهێنانی داعش، ئەمەشمان لە رێککەوتنە ستراتیژییەکەماندا بینیوە".