رۆژنامە ئەمریکییەکان کاغەزی قۆپیی بایدن لە میانی دیدارەکەی لەگەڵ سودانی ئاشکرا دەکەن

کۆبوونەوەى جۆ بایدن، سەرۆکى ئەمریکا و محەمەد شیاع سودانى سەرۆکوەزیرانى عێراق. فۆتۆ: AFP

بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان جارێکی دیکە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکایان بەر رەخنەدا، کاتێک چاودێری هەڵسوکەوتەکانیان دەکرد لەمیانەی دیدارێکی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراقدا و تێبینیانکردووە، کاغەزێکی تێبنییەکانی هەڵگرتبوو کە رۆژنامە ئەمریکییەکان بە "قۆپیکردن" وەسفی دەکەن.

لە میانی کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی دووشەممە لە کۆشکی سپی بەڕێوەچوو، بایدنی تەمەنی 81 ساڵ، کاغەزێک لە گیرفانیدا دەردەهێنێت و چەندینجار تەماشای دەکات.

لە زوومی کامێراکانی نێو کۆبوونەوەکەدا  چاودێری ناوەرۆکی ئەو تێبینیانە کراوە کە لەنێو کاغەزەکەدا نووسیویەتی، بە پیتی گەورە کۆمەڵێک رێنمایی نووسراوە کە بایدن لە هەندێک شوێندا بوەستێت و وەرگێڕەکەی دەست بە وەرگێڕان بکات.

بەڵام محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پشتی بە هیچ کاغەزێکی تێبینی نەبەستبوو و بە لێدوانی کورت و مانابەخش کۆبوونەوەکەی بەڕێکرد.

سەرۆکی ئەمریکا مێژوویەکی دووردرێژەی هەیە کە پشت بە کاغەزی تێبینی دەبەستێت بۆ سەرنجدانی زیاتر. لە مانگی نیسانی ساڵی رابردووشدا بینرا کاغەزێکی بەکارهێنا کە وا دیار بوو پرسیارێکی پەیامنێرێکی تێدابوو، پێش ئەوەی بایدن بانگهێشتی رۆژنامەنووسەکە بکات بۆ ئەوەی ئەو پرسیارە بکات.