پسپۆڕێکی هەناو: هەڵەیە لە فشاری خوێندا چارەخواز تەنیا چاوی لە ژمارەکان بێت

د. زانیار نووری ئاغال، پزیشکی پسپۆڕی هەناو..فۆتۆ: دانا عەبدولکەریم

کەناڵ8- سلێمانی

پزیشکێکی پسپۆڕ دەڵێت ئەوانەی بەرزەفشاری خوێنیان هەیە، دەبێت لە زاری پزیشکەوە وەریبگرن کە ئایا دۆخی نەخۆشییەکەیان باشە یاخود نا، نەوەک تەنیا چاویان لەسەر ژمارەکانی سەر ئامێری پێوانەی فشاری خوێن بێت.

د. زانیار نووری ئاغال، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناو، لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵ8 دەڵێت "خەڵک هەیە دەڵێت جاران زەختم 20 بە 12بوو، ئێستا زۆر باشم 16 بە 9 یە، یان دەڵێت زەختم 15 بە 9 یە و بۆ تەمەنی من ئاساییە، کە ئەمە لە زۆر رووەوە تێگەیشتنێکی هەڵەیە".

پسپۆڕەکە ئەوەش دەڵێت "بەشێکی دیکە وادەزانن تەنیا کە سەرئێشەیان هەبوو، ئیدی کاتی پێوانەکردنی فشاری خوێن یان خواردنی دەرمانی زەختە، لەکاتێکدا بەرزیی فشاری خوێن زۆربەی کات بێدەنگە و نیشانەی نییە، تەنانەت دوور نییە بەهۆی سەرئێشەکە فشاری خوێن بەرزبووبێتەوە".

د. زانیار دەڵێت ئەوەی کە توشبووی بەرزەفشاری خوێن دۆخی باشە یان خراپ، پزیشک بڕیاری لێدەدات "دەبێت فشاری خوێن لە مەودای ئاساییدا بێت نەک تەنیا بەراورد بکرێ بە رابردوو، هەروەها لێکبدرێتەوە ئایا کەسەکە تەنیا فشاری خوێنی بەرزە یان لەگەڵیدا نەخۆشیی دیکەی هەیە وەکوو؛ گیرانی بۆریی خوێنی دڵ، نەخۆشیی تۆڕی چاو، سستیی گورچیلە، پاشان بە لێکدانەوەی هەم ژمارەکە و هەم دۆخی تەندروستیی گشتیی کەسەکە بڕیاردەدرێت ئایا کەسە تووشبووەکە بەڕاستی دۆخی باشە یان خراپ".