بەهۆی زریانەوە 11 کەس لە بەڕازیل گیانیانلەدەستدا

بەهۆی باران و زریانێکی بەهێزەوە 11 کەس لە باشووری بەڕازیل گیانیانلەدەستدا و چەندکەسێکی دیکەش برینداربوون.

ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردووەتەوە، لە ویلایەتی ریۆ دی جانیرۆ بەهۆی باران و زریانەوە حەوت کەس گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.

ئاماژەبەوەشکراوە، تیمەکانی فریاکەوتن پاش 16 کاتژمێر لە مانەوەی لە ژێر داروپەردووی خانووەکەیاندا، توانییان منداڵێکی ساوا رزگاربکەن و بۆ وەرگرتنی چارەسەر رەوانەی نەخۆشخانە کراوە.

لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسانی بەرگریی شارستانی بەڕازیل رایانگەیاند، لە ناوچەکانی ئیسبیریتۆ سانتۆ لە باشووری ریۆ دی جانیرۆ، چوار کەس بەهۆی زریانەوە گیانیانلەدەستداوە.

حاکمی ویلایەتی ریۆ دی جانیرۆ، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هۆشداردا لە خراپیی دۆخەکە و رایگەیاند، بەهۆی بارانی بەلێزمە و لافاوی رووبارى کیتاندیناوە دۆخەکە مەترسیدارە.