ئەمریکا بۆ هێورکردنەوەی ئێران داوای نێوەندگیری لە چوار وڵاتی عەرەبی دەکات

ئاڵای ئەمریکا و ئێران. فۆتۆ: AP

بەگوێرەی میدیاکانی ئیسرائیل، ئەمریکا لە رێگای وەزیرانی دەرەوەی سعودیە، عێراق، ئیمارات و قەتەرەوە پەیامێکى گەیاندووەتەوە بەرپرسانی ئێران و داواى هێورکردنەوەى دۆخەکەى کردووە و هۆشدارییى بە تاران داوە.

ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردووەتەوە، برێت مەکگۆرک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست پەیوەندیی بە وەزیرانی دەرەوەی چوار وڵاتی عەرەبییەوە کردووە و داوای نێوەندگیری و گەیاندنی نامەی ئەمریکای بۆ ئێران لێکردوون.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بەمەرجی ناونەهێنانی رایگەیاندووە، مەکگۆرک پەیوەندی بە وەزیرانی دەرەوەی عێراق، سعودیە، قەتەر و ئیماراتەوە کردووە و داوای لێکردوون نامەی ئەمریکا بە بەرپرسانی تاران بگەیەنێت، سەبارەت بە کەمکردنەوەی گرژییەکان لەگەڵ ئیسرائیل.

هاوکات، رۆژنامەی جورالیزم پۆست کە لە ئیسرائیل بڵاودەبێتەوە، لە زاری بەرپرسێکی ئیسرائیلیەوە رایگەیاندووە، وەزیرانی دەرەوەی سعودیە، قەتەر، ئیمارات و عێراق، دوای گفتوگۆ لەگە راوێژکاری باڵای سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پەیامی بایدنیان گەیاندووەتە وەزیری دەرەوەی ئێران و پێیان راگەیاندووە، تاران خۆی لە پەرەسەندنی گرژییەکان لەگەڵ ئیسرائیل بەدووربگرێت.

لە پەیامەکەیدا سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا رایگەیاندووە، "دەیانەوێت رووبەڕووی هەڕەشەکانی ئێران ببنەوە هەروەک بە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلم وتووە، پابەندین بە پاراستنى ئاسایشی ئیسرائیل لە بەرامبەر ئەم هەڕەشانەی ئێران و بریکارەکانى، جارێکی دیکە دەیڵێمەوە هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل بەوپەڕى هێزمانەوە".

هەمان سەرچاوە گوتویەتی، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، پەیوەندی بە وەزیری بەرگریی ئیسرائیلەوە کردووە و جەختی لەوەکردەوە، لە ئەگەری هەر هەڕەشەیەک لەلایەن ئێرانەوە، ئەمریکا لە پاڵ ئیسرائیل دەوەستێت.

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی ئاکسیۆسی ئەمریکی، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا، بڕیارە لە گەشتەکەیدا بۆ ئیسرائیل لەگەڵ فەرماندە باڵاکانی سوپای و وەزیری بەرگری ئەو وڵاتە کۆببێتەوە.

بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیل کە ناوی ئاشکرانەکراوە بە ئاژانسەکەی راگەیاندووە، لە چەند رۆژی رابردوودا ئیسرائیل و ئەمریکا هەماهەنگییان کردووە بۆ بەرگریی هاوبەشی ئاسمانی و مووشەکی لە ناوچەکە، لە ئەگەری هەر هێرشێکی ئێران بۆسەر ئامانجەکانی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا.

ئەمە لە کاتێکدایە وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکسدا، باسی لە رێبەری کۆماری ئیسلامی کردووە و بە زمانی فارسی نووسیویەتی، "ئەگەر ئێران لە خاکی خۆیەوە هێرشبکاتەسەر ئیسرائیل، کاردانەوەمان دەبێت و لەخاكی خۆیانەوە هێرشیان دەكەینەسەر".

مەترسى پێکدادانەکان پاش ئەوە دێت، لەکاتژمێر 5:00ـی سەرلەئێوارەی 1ـی نیسانی 2024 لە گەڕەکی مەززەی دیمەشق، فڕۆکەیەكی ئێف 35ـی ئیسرائیلی بە شەش مووشەک کونسوڵخانەی ئێرانی لە دیمەش کردەئامانج، بەوهۆیەوە 14 کەس کوژران، کە حەوتیان ئەندامی سوپای پاسدارانی ئێران بوون و لە ناویاندا دوو فەرماندەی باڵا بە ناوەکانی محەمەد رەزا زاهیدی، فەرماندەی باڵای سوپای قودس و محەمەد هادی حاجی رەحیمی، فەرماندەی دیاری ناو سوپاکە هەبوو.

رووداوەکە کاردانەوەی لێکەوتەوە  وهەندێک وڵات سەرکۆنەیان کرد، ئەمریکاش راستەوخۆ پاش هێرشەکە بێئاگایی خۆی راگەیاند، ئێرانیش لە ئاستی باڵادا هەڕەشەی تۆڵەکردنەوەى لە ئێسرائیل کرد.