یەکێتيى ئەوروپا داواى سەپاندنی سزاى نوێ بەسەر ئێراندا دەکات

لۆگۆی یەکێتیی ئەوروپا. فۆتۆ: AP

رۆژنامەی فاینانشاڵ تایمزی بەریتانی لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار بڵاویکردووەتەوە، دوا بەدوای هێرشە مووشەکی و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران بۆسەر ئیسرائیل، بەرپرسانی یەکێتیی ئەوروپا، تاوتوێی سەپاندنی سزای نوێ بەسەر ئێراندا دەکەن.

رۆژنامەکە دەڵێت، ئەو هەنگاوەی یەکێتیی ئەوروپا وەک وەڵامێک دەبێت بۆ ئەو هێرشە یاخود وەڵامێکە بۆ تاوانەکانی رژێمی ئێران لەبەرامبەر هێرشەکانى بۆ سەر ئیسرائیل.

کۆبوونەوەى وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا لە رێگەی ڤیدیۆکۆنفرانسەوە دەبێت و یەکێک لەتەوەرە سەرەکییەکان هەڵسەنگاندنی چۆنییەتی سەپاندنی ئەو سزایانەیە بۆسەر ئێران.

ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی دەڵێت، لەچەند ساڵی رابردوودا، ئێران رووبەڕووی سزای توندی وڵاتانی رۆژئاوا بووەتەوە و رۆژی 14ـی نیسان دوای ئەنجامدانی هێرش لەڕێگەی 300 مووشەک و  فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆسەر ئیسرائیل، تەلئەڤیڤ داوای لە یەکێتیی ئەوروپا کرد سوپای پاسداران وەک رێکخراوێکی تیرۆرستی بناسێنێت.

رۆژی 14ـی نیسان، دانیال هەگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، "ئێران پاڵپشتی دارایی، راهێنان و چەک دەداتە گرووپە تیرۆریستییەکان لە سەرانسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەرەوەیدا" .

هەگارى تارانى تۆمەتبارکرد بەوەی گرووپە چەکدارییەکان بە تەنیا هەڕەشە نین بۆسەر دانیشتووانی ئیسرائیل، بەڵکو هەڕەشەن بۆسەر غەززە، لوبنان و سووریاش.