نێچیرڤان بارزانى: پشتیوانیی سەردانەکەى سودانى دەکەین بۆ ئەمریکا

نێچیرڤان بارزانای و سودانی فۆتۆ: سایتی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان

نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان دەڵێت، بە گەشبینییەوە لە سەردانەکەى سەرۆکوەزیرانى عێراق بۆ ئەمریکا دەڕوانن و پشتیوانیى تەواوى سەردانەکە دەکەن.

سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە پەیامێکیدا لە تۆڕى کۆمەڵایەتیى ئێکس نووسیویەتى، هەرێمى کوردستان بە گەشبینییەوە دەڕوانێتە سەردانەکەى محەمەد شیاع سودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق بۆ ئەمریکا و پشتیوانیى تەواوى سەردانەکە دەکەن.

راشیگەیاندووە، متمانەى تەواویان هەیە سودانی نوێنەرایەتیى بەرژەوەندیى سەرجەم عێراقییەکان دەکات و هیواخوازن دیدارەکان ئەرێنى و سەرکەوتووبن و پەیوەندییەکانى هەردوو وڵات بباتە ئاستێکى باشتر.

رۆژى 13ـی نیسانى 2024، محەمەد شیاع سودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق بەیاوەریى شاندێک سەردانى ئەمریکاى کرد و پێش سەردانەکەشى گوتارێکى پێشکەشکرد و رایگەیاند "ئامانجێکی سەردانەکەی کارکردن دەبێت بۆ راگەیاندنی کاتی کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق".

رۆژى 14ى نیسانى 2024، باسم عەوادى، گوتەبێژى حکومەتى عێراق رایگەیاند، ئامانجى سەردانەکەى سەرۆکوەزیران بۆ ئەمریکا، کاراکردنى رێککەوتنى چوارچێوەى ستراتیجییە کە لە ساڵى 2008ـەوە واژۆکراوە و وەک پێویست جێبەجێنەکراوە.

گوتیشى، "پەیوەندییەکانى رابردووى هەردوو وڵات تەنیا لەلایەنى ئەمنی و سەربازیدا کورتکرابووەوە، ئێستا هەوڵدەدرێت هەنگاوێکى جیاواز لە پەیوەندییەکاندا بنرێت".

پێشبینى دەکرێت، لە دیدارە چاوەڕوانکراوەکەى نێوان سودانى و بایدن، دید و بۆچوون لەبارەى ژمارەیەک دۆسیە ئاڵوگۆڕ بکرێت، زۆرینەى ئەو پرسانەشی دەخرێنەڕوو، پێشتر لە رێگەى لیژنە لاوەکییەکانەوە رێککەوتنیان لەسەرکراوە.