وەزیرى دەرەوەى ئێران: ئیسرائیل سەرکێشى بکات توندتر و خێراتر وەڵامى دەدەینەوە

حسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران. فۆتۆ AFP

حسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان، وەزیرى دەرەوەى کۆمارى ئیسلامى ئێران رایگەیاند، بەخێرایی و بەهێزتر و گشتگیرتر وەڵامی ئەگەرى هێرشی ئیسرائیل دەدەنەوە.

بەگوێرەى هەواڵێکی ئاژانسی هەواڵی نیمچەفەرمی ئێران (تەنسیم)، عەبدوڵاهیان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ دەیڤد کامیرۆن، هاوتا بەریتانیایەکەى دۆخی ناوچەکەی تاوتوێکردووە.

عەبدوڵڵاهیان بەهاوتا بەریتانییەکەی راگەیاندووە، هێرشی ئێران بۆسەر ئیسرائیل لە چوارچێوەی بەرگریی رەوا ئەنجامدراوە، سیاسەتی رووخێنەری ئیسرائیل بناغەی قەیرانەکانی ناوچەکەیە.

وەزیری دەرەوەی ئێران رەخنەی لە پشتیوانی بەریتانیا گرت بۆ هێرشی ئیسرائیل کە کوژرانی دەیان هەزار کەسی لە غەززە لێکەوتووەتەوە و رایگەیاند، "لەکاتێکدا لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا سەدان هەزار تۆن بۆمب بەسەر خەڵکی غەززەی ستەمدیدەدا بەردراوەتەوە، مایەی نیگەرانیە بەریتانیا نیگەرانە لەکاردانەوەی ئێران بەرامبەر بەو هێرشە بەربەرییەی رژێمی ئیسرائیل کردیە سەر شوێنى دیپلۆماسی، ئەمە لەکاتێکدا کاردانەوەکەی ئێران لەچوارچێوەی بەرگرریکردنی رەوا بووە کە لە 51ەمین ماددەی بەڵێننامەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە سەرچاوەی گرتووە".

لەبارەى ئەگەری هێرشی تەل ئەڤیڤ بۆسەر خاکی ئێران، عەبدوڵاهیان رایگەیاند، "ئێران خوازیاری هەڵکشانی گرژیی نییە لە ناوچەکەدا، بەڵام ئەگەر رژێمی ئیسرائیل بەدوای سەرکێشییدا دەگەڕێت، ئەوا کاردانەوەی داهاتوومان خێرا و بەهێزتر و گشتگیرتر دەبێت".

لەبەرامبەردا وەزیری دەرەوەی بەریتانیا باسیلەوەکردووە، هێرشی سەربازیی ئێران بۆسەر ئیسرائیل مایەی نیگەرانییە، داوا لە ئیسرائیل دەکەین وەڵامنەداتەوە چونکە نایانەوێت ئەوەی لەمدواییانەدا روویدا دووبارە و بە قەبارەیەکی گەورەتر رووبداتەوە.

ئیسرائیل لە رۆژى 1ـى نیسانى 2024، هێرشی ئاسمانیی کردەسەر کونسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق، لەو هێرشەدا حەوت کەس کە دووانیان جەنەراڵ بوون لەسوپای پاسداران کوژران.

ئێران هێرشەکەی بە هێرشکردنەسەر خاکی خۆی لە قەڵەمدا و ئاماژەی بەوەکرد کە وەڵامیدەداتەوە، لەبەرامبەردا ئیسرائیل بڵاویکردەوە کە وەڵامی هەر هێرشێکی ئێران دەداتەوە.

ئێران لە 13ـى نیساندا بەسەدان درۆن و مووشەکەوە هێرشیکردەسەر  ئیسرائیل و چەند ئامانجێکی سەربازیی بۆردومانکرد، هاوکات ئیسرائیل رایگەیاند لەو هێرشەدا زۆربەی مووشەک و درۆنەکانى ئێران لەلایەن سیستمکانی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەیەوە خراونەتەخوارەوە، بەڵام بنکەیەکی سەربازیی باشووری وڵاتەکەی پێکراوە.

میدیاى ئیسرائیل بانگەشەی ئەوەیکردبوو، حکومەتی تەل ئەڤیڤ بڕیاریداوە بە شێوەیەکی روون و کاریگەر وەڵامی هێرشە ئاسمانییەکەی ئێران بداتەوە.