لیژنەى باڵاى هەماهەنگى نێوان عێراق و ئەمریکا راگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە

کۆبوونەوەى لیژنەى هەماهەنگى نێوان عێراق و ئەمریکا. فۆتۆ: نووسینگەى سەرۆکوەزیرانى عێراق

لیژنەی هەماهەنگی باڵای نێوان عێراق و ئەمریکا راگەیەندراوێکی لەبارەی کۆبوونەوەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق و بەرپرسانی  ئەمریکا بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە، هەردوو لایەن جەختیان لەسەر هاوپەیمانی ستراتیژی نێوانیان کردووەتەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، عێراق و ئەمریکا دەیانەوێت پەیوەندییەکانی نێوانییان لەبواری وزە و چاکسازی دارایی گەشەپێبدەن.

هاوکات، هەردوولایەن هاوڕابوون لەسەر تواناکانی عێراق بۆ وەبەرهێنان لە کەرتی گازی سروشتی وەکو ژێرخانێکی نوێی وزە.

لەراگەیەندراوەکەی لیژنەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، بۆ سود وەرگرتن لە تەکنەلۆجیا و شارەزایی کەرتى تایبەتى ئەمریکا، عێراق چەند رێککەوتنێکى لەگەڵ ئەو وڵاتەدا واژۆکردووە.

روونیشکراوەتەوە، گفتوگۆش کراوە سەبارەت بە بەکارهێنانی وزەی ئەتۆم بۆ بواری ئاشتی و ئەمریکاش هانی حکومەتی عێراقیداوە بۆ سوودوەگرتن لە کەرتی کارەبای ئوردن و سعودیە و وڵاتانی دیکەی کەنداو.

لەبارەی چاکسازییە داراییەکانەوە، لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، هەردوولایەن جەختیان لە هەماهەنگی نوێ کردووەتەوە تاوەکو رووبەرووی گەندەڵی ببنەوە و ئەمریکا هاوکاریی عێراق بکات بۆ زیاتر گەشەپێدانی بانکە ناوخۆییەکانی عێراق.

هەروەها ئەمریکا لەبارەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لە عێراق، بەڵێنی بەردەوامبوونی پشتیوانی خۆی بۆ عێراق دوپاتکردووەتەوە، بەتایبەتی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی ئاو لە عێراق.