نەتەوەیەکگرتووەکان: لە سودان برسێتییەکى گەورە و مەترسیدار لە ئارادایە

ژمارەیەک ئاوارەى سودان کە بەهۆى شەڕەوە هەڵاتوون. فۆتۆ: AP

جێگری رێکخەری نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی رایگەیاند، لە سودان برسێتیەکی زۆر لە ئارادایە بەو هۆیەشەوە یەکێک لە خراپترین کارەساتە مرۆییەکان بەخۆیەوە دەبینێت، هەروەها ئیدانەی بێهەڵوێستى کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەوبارەی دۆخى سودانەوە دەکات.

ئەیدیم سۆرنۆ، جێگری رێکخەری نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەبەردەم ئەنجوومەنەکەدا رایگەیاند، بەهۆى زۆرى پێداویستییە مرۆییەکان، بەرزى ژمارەی ئاوارە و ئەوانەی مەترسی برسێتییان لەسەرە، سودان لە خراپترین دۆخیدایە و ئەو وڵاتە لە دۆخێکى پڕ کارەساتى مرۆییدایە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بێدەنگی ئەنجوومەنی ئاسایش بووەتە هۆکاری نائومێدی و شکست بۆ هاوڵاتیانی سودان.

لە سەرەتای مانگی ئازاردا، ئەنجوومەنى ئاسایش داوای وەستاندنی دەستبەجێی شەڕ کرد لەمانگی رەمەزاندا، لەبارەیەشەوە جێگرەکە دەڵێت، هیچ پێشکەوتنێک بەدی نەکراوە.

ئێستا لە سودان 18 ملیۆن کەس مەترسی برسێتی توندیان لەسەرە و 730 هەزار منداڵ بەدەست بەدخۆراکییەوە دەناڵێنن، شارەزایانی بواری مرۆیی لە نەتەوەیەکگرتووەکانیش چاوەڕوانی مردنی 222 هەزار منداڵ لە هەفتە و مانگەکانی داهاتوودا بەوهۆیەوە دەکەن.