پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی دڵی منداڵان: هاوسەرگیریی لەنێوان خزمدا مەترسیی تووشبوونی منداڵەکانیان بە نەخۆشیی دڵ زیاددەکات

د.ئاسۆ تۆفیق، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دڵی منداڵان

د. ئاسۆ تۆفیق، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دڵی منداڵان لەمیانی بەشداریکردن لە بوڵتنی تەندروستیی کەناڵ8 رایگەیاند، نەخۆشییەکانی دڵی منداڵان بۆ دوو کۆمەڵە پۆلێندەکرێن و کۆمەڵەی یەکەم بریتیین لەو نەخۆشییانەی نابنەهۆی شینبوونەوەی منداڵەکە، بەڵام لەکاتی خواردنی شیری دایکدا سەری ئارەقدەکاتەوە و تووشی تەنگەنەفەسی دەبێت. هەروەها منداڵەکە هەست بە هیلاکی دەکات و مەمکی دایکی بەردەدات، ئەمەش وایلێدەکات هەست بە تێربوون نەکات و بەوهۆیەوە کێشیشی زیادناکات.

لەبارەی کۆمەڵەی دووەمیشەوە د.ئاسۆ تۆفیق گوتی، لەکۆمەڵەی دووەمدا لێو، زمان و جەستەی منداڵەکە شیندەبێتەوە و لەتەمەنی جیاوازدا روودەدات.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەندێک جۆری شینبوونەوە لەتەمەنی شەش مانگییەوە دەستپێدەکات و هەندێجاریش لە تەمەنی گەورەتردا.

ئەو پسپۆڕە هۆشداری دەداتە دایک و باوکی منداڵان و دەڵێت، لەئەگەری هەبوونی ئەو نیشانانەدا راستەوخۆ منداڵەکە نیشانی پزیشکی پسپۆڕ بدەن.

لەبارەی هۆکارەکانی کونبوونی دڵیشەوە، د. ئاسۆ تۆفیق گوتی، %80ـی هۆکارەکان نادیارن، تاوەکو ئێستاش زانست نەیتوانیووە هۆکارەکانی بسەلمێنێت و دەڵێن هۆکارەکە لەوانەیە بۆماوەییبێت.

دەشڵێت، خواردنی دایک، بەرکەوتنی تیشک و بەکارهێنانی دەرمان لەماوەی دوومانگی پێش و سەرەتای دووگیانیدا بەشێکی دیکەن لە هۆکارەکان. چونکە دڵ لەماوەی هەشت هەفتەی یەکەمی دووگیانیدا دروستدەبێت. بۆیە گرنگە خانمان ئامادەکاریی بۆ دووگیانی بکەن و شێوازی ژیان و خواردنیان لە دوو مانگ پێش دووگیانییەکەوە رێکبخەن.

د. ئاسۆ تۆفیق دەڵێت، بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی من لە هەندێک ناوچەی کوردستان کە رێژەی هاوسەرگیریی لەنێوان خزمدا تیایاندا بەرچاوە، رێژەی تووشبوونی منداڵان بە نەخۆشییەکانی دڵ زیاترە بەراورد بەو ناوچانەی تیایاندا رێژەی هاوسەرگیریی لەنێوان خزمدا کەمترە.